وادەی بەستنی کۆنگرەی هەشتەمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دیاری کرا

لۆگۆی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

پێنجشەممەی داهاتوو کۆنگرەی هەشتەمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە هەڵەبجە دەبەسترێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 02-04-2024، د.فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە، 04-04-2024، کۆنگرەی هەشتەمی حزبەکەیان لە شاری هەڵەبجە دەبەسترێت.

ڕۆژی شەممە، 5-3-2022، حزبی سۆسیالیست حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە شاری هەولێر بە بەشداریی زیاتر لە هەزار ئەندام دەست پێکرد. لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەکەدا ناوی حزب گۆڕدرا بۆ "پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان"، هەروەها لۆگۆی فەرمی حزبەکەش گۆڕانی تێدا کرا.

لە کۆنگرەکەدا محەممەد حاجی مەحموود جارێکی دیکە بە سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە و عەبدوڵڵا حاجی مەحموودی برایشی دوای کشانەوەی ڕکابەرەکانی، بە جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا.

لە کۆنگرەی حەوتەمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، 39 ئەندامی سەرکردایەتی حزب هەڵبژێردران، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش 11 کەسیان بۆ مەکتەبی سیاسیی حزبەکە هەڵبژارد.

پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1976 دوای جیابوونەوە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن مەحموود عوسمان، عەدنان موفتی و ڕەسوول مامەندەوە  دامەزرا و خەباتی چەکداریی لە دژی رژێمی بەعس ڕاگەیاند. دواتر و لە ساڵی 1979 بەشێک لە ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جیابوونەوە و هاتنە بەرەی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان هەر لە باشووری کوردستان یەکێکیش لەو ئەندامانە، محەممەد حاجی مەحموود بوو، کە ئێستا سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە.