سەرۆک بارزانی: پارتی دامەزرێنەری شەرعییەت و هەڵبژاردنە لە کوردستان

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی هۆڵەندا و ئەڵمانیا لە هەولێر کرد
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی هۆڵەندا و ئەڵمانیا لە هەولێر کرد

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، 2ی نیسانی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە یاکۆ بێریندز، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا و کلاوس شترایشەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا له‌ هه‌ولێر كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لەدیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان. هەروەها ئاماژە بە گرنگیی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا و هەردوو کۆنسوڵی هۆڵەندا و ئەڵمانیا پاڵپشتیی وڵاته‌كانیان بۆ هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە ڕاگەیاند بە جۆرێک کە نوێنەرایەتیی ڕووی دیموکراسی هەرێمی کوردستان بکات، ئەویش بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەکان.

وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ستایشی ڕۆڵی هه‌ردوو وڵاتی هۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیای دۆست کرد لە پاڵپشتیی دۆزی گەلی کوردستان. هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، "پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنەری شەرعییەت و هەڵبژاردنە لە کوردستان و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی بکرێت". 

سەرۆک بارزانی ئەوەی خستووەتە ڕوو، "بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدراڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت. بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی زیاتر له‌ چوارسه‌د هه‌زار دەنگدەر لە دەنگدان و جگە لەوەش سەپاندنی ڕێکار و میکانیزمی و ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات".

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە، سەرۆك بارزانی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیریی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات بەبێ هیچ دەستێوەردانێک و داڕشتنێکی پێشوەختە. بە پێویستشی زانی كە هەموو ئەو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووریی و یاساییانەی مه‌له‌فی هه‌ڵبژاردن چارە بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسەكه‌ نوێنه‌رایه‌تیی ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، به‌ شێوه‌یه‌ک کە لە خزمه‌تی دیموکراسی و شەرعیەتی دامودەزگاکانی هەرێمدا بێت.