بایدن داوا له سه‌رۆكی چین ده‌كات ئاشتی و سەقامگیریی دوورگه‌ی تایوان بپارێزێت
K24 - هەولێر:
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا لە پەیوەندییەکدا بە ته‌له‌فۆن، داوا له سه‌رۆكی چین ده‌كات "ئاشتی و سەقامگیری"ی دوورگه‌ی تایوان بپارێزێت؛ هاوكات چه‌ند ته‌وه‌رێكی دیكه تاوتوێ ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 2ـی نیسانی 2024) جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمه‌ریکا بە ته‌له‌فۆن پەیوەندی له‌گه‌ڵ شی جینپینگ، سه‌رۆكی چین کرد و دوای لێ كرد "ئاشتی و سەقامگیری"ی دوورگەی تایوان بپارێزێت.
ئه‌و داوایه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له سه‌رۆكی چین له كاتێكدایه، دوورگەی خۆبەڕێوەبەری تایوان، کە پەکین بانگەشەی خاوەندارییەتی دەکات، خۆی بۆ دانانی سەرکردەیەکی نوێ ئامادە دەکات.
بەگوێرەی ڕاگه‌یه‌ندراوی کۆشکی سپی، بایدن له په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به دوورگه‌ی تایوان، پرسی بازرگانی، زیرەکیی دەستکرد، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆکرانیا و هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ بەڕێوەبردنی کێبڕکێ و دوورکەوتنەوە لە ململانێ، گفتوگۆیان كردووه.
کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە بایدن جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی لە دوورگه‌ی تایوان و سەروەری یاسا و ئازادیی کەشتیوانی لە دەریای باشووری چین کردووەتەوە.
ئەم گفتوگۆ تەلەفۆنییە، یەکەم پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو سەرۆک بوو پاش کۆبوونەوەی لووتکەی مانگی تشرینی دووه‌می کالیفۆرنیا، كه هه‌ردوولا به‌ڵێنیان دا گرژییه‌كانی نێوانیان كه‌م بكه‌نه‌وه.
جانێت یێلن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، سبه‌ی چوارشەممە سه‌ردانی چین دەکات، جگە لە پەکین، سەردانی شاری گوانگژۆی باشووری وڵاتەکە دەکات کە ناوه‌ندیی پیشەسازی چینە، هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکایش لە چەند هەفتەی داهاتوودا سه‌ردانی ئه‌م وڵاته ده‌كات.