دۆناڵد ترەمپ: جیهان ڕێز لە بایدن ناگرێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند، جیهان "رێز لە جۆو بایدن سەرۆکی ئێستا ناگرێت" و تۆمەتباری کرد بە ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی لە ویلایەتی ویسکۆنسێن ڕایگەیاند، "جۆو بایدن، لەلای وڵاتان ڕێزی لێناگرێت و لێی ناترسن و تاکە شتێک کە لێی دەوەشێتەوە ساختەکاری و چەواشەکارییە لە هەڵبژاردنەکان".

ترەمپ دەشڵێت: "لە ژێر سەرکردایەتی مندا، بەم زووانە زیاتر ڕێز لە ئەمەریکا دەگرن لەوەی پێشتر ڕێزیان لێگرتووە."

ترەمپ لە میانەی گردبوونەوەکەیدا گاڵتەی بە بایدن کرد و گوتی "ناتوانێت دوو ڕستە بەیەکەوە ببەستێتەوە" و "نازانێت دوای پێشکەشکردنی وتارەکانی چۆن ئەڵقەکە بەجێبهێڵێت".

لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "سەرۆکەکەمان بەدبەختە و ئەو رۆحێکی ون بووە."

ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، بەنیازە "بە زۆر ئاشتی بگەڕێنێتەوە"، هەروەها ڕێگری لە جەنگی جیهانی سێیەم بکات.

رۆژی 5ـی نۆڤەمبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت. پێدەچێت جۆو بایدن بۆ پارتی دیموکرات و دۆناڵد ترەمپ بۆ پارتی کۆمارییەکان، جارێکی دیکە کێبڕکێ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بکەنەوە.