ژاپۆن هاوکارییەکانی بۆ ئۆنروا دەستپێکردەوە

K24 - هەولێر

ژاپۆن دەستپێکردنەوەی بودجەی بۆ دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین UNRWA ڕاگەیاند و گوتی، "ناتوانرێت ڕۆڵی ئاژانسەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە لەبەر چاو نەگیرێت."

یۆکۆ کامیکاوا، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کۆتایی بە بلۆککردنی داراییەکانی بۆ UNRWA دەهێنێت، گوتیشی، "نزیکەی 35 ملیۆن دۆلار لەو پارەیەی کە لە سەرەتادا بڕیاربوو بیدەین بەو ڕێکخراوە ئێستە ئامادەیە بۆ ناردن".

لای خۆیەوە کامیکاوا هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ فیلیپ لازارینی کۆمیساری گشتی UNRWA لە تۆکیۆ کۆبووە، جەختی کردەوە کە "ڕۆڵی ئاژانسەکە لە چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی لە غەززە پێویستە، و کار دەکات بۆ باشترکردنی حوکمڕانی و لەناوبردنی مەترسییەکان".

وەزیری دەرەوەی ژاپۆن گوتیشی: "بارودۆخی مرۆیی فەڵەستین لە کەرتی غەززە بەردەوام لە تێکچووندایە، وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامدانەوەی ئەو قەیرانە لە ئەستۆی وڵاتەکەماندایە."

ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، "بەشداریی UNRWA پێویستە بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی مرۆیی".

ژاپۆن و چەند وڵاتێک لە مانگی یەکی ئەمساڵدا پارەدانیان بۆ دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگرت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە تۆمەتەکانی ئیسرائیل کە دژی 12 کارمەند کە لە UNRWA کاردەکەن و تێوەگلاون لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە.

لای خۆیەوە UNRWA ئەو کارمەندانەی کە ئیسرائیل بە تێوەگلان لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر تۆمەتباریکردن، لە کارەکانیان دوورخستەوە، هەروەها دوای ئەم تۆمەتانە لێکۆڵینەوەی ناوخۆیی سەربەخۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە.

کەنەدا، ئوسترالیا، سوید، فینلاند و ئایسلەندا بەشدارییەکانیان لە UNRWA دەستپێکردۆتەوە، هاوکات وڵاتانی دیکەی بەخشەرە گەورەکان لەنێویاندا ئەمەریکا کە هاوپەیمانێکی نزیکی ژاپۆن و هەروەها بەریتانیا بەردەوامن لە ڕاگرتنی پارەدانەکانیان.