ئەڵمانیا زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکرانیا تەرخانکرد

K24 - هەولێر

ئەڵمانیا بڕی 576 ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە "620 ملیۆن دۆلار" خستیە ناو سندوقێکەوە کە لەلایەن چیکەوە بۆ دابینکردنی تەقەمەنی پێویست بۆ ئۆکرانیا دامەزراوە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا، ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی کە بە سندوقەکە دراوە بۆ کڕینی 180 هەزار گوللـە تۆپ تەرخانکراوە.

کۆماری چیک دەیەوێت 800 هەزار گوللـە تۆپ لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بکڕێت، بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا، کە لە شەڕی ڕووسیا ڕووبەڕووی کەمی تەقەمەنی بوونەتەوە.

بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، بەشداریکردنی بەرلینی لەو دەستپێشخەرییە ڕاگەیاند، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی گروپی پەیوەندییەکان لەسەر ئۆکرانیا لە بنکەی ڕامشتاینی ئەمەریکی لە ئەڵمانیا.

ئۆکرانیا تادێت بەدەست کەمی تەقەمەنیەوە دەناڵێنێت، لە بەرەکانی شەڕدا، لەکاتێکدا شەڕەکە دووساڵی تێپەڕاندووە، ناکۆکییە سیاسییەکانی کۆنگرێس بووەتە هۆی پەکخستنی زیاتر لە 60 ملیار دۆلاری هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ کیێڤ.

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە مانگی ئادار ڕایگەیاندبوو، وڵاتانی ناتۆ تەقەمەنی پێویست بۆ ئۆکرانیا دابین ناکەن، چونکە هێزەکانیان تەقەمەنییان تەواو دەبێت.

لای خۆشیانەوە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بە هاوبەشی هاوکاری سەربازیی زیادە پێشکەش بە ئۆکرانیا بکەن کە بڕەکەی پێنج ملیار یۆرۆیە.