تەواوی کانیاوە وشک بووەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تەقیونەتەوە

K24 - هەولێر

لە دوای ئەو شەپۆلی بەفر و بارانەی لە دوو مانگی ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە، زۆرینەی ئەو کانیانەی وشک ببوون سەر لە نوێ تەقیونەتەوە و دەیان دەریاچە و گۆم و گۆلاو جارێکی دیکە ژیاونەتەوە، لە نێویاندا گۆماوی هەشیلان لە پارێزگای کرماشانە و بە دووری 26 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری شاری کرماشان، چەند ساڵێک بوو بەهۆی وشکەساڵییەوە بە تەواوی وشک ببوو.

گۆماری هەشیلان لە سنووری پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکی ڕوانسەر و یەکێکە لە ناوچەکە گەشتیارییەکان و دانیشتووانی کرماشان و شارەکانی دیکەی ئەم پارێزگایە بۆ سەریان ڕووی تێ دەکەن.

سەعید جەمشیدی، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیاری دەڵێت"ئەم گۆماوەی ئێمە پێی دەڵێین سەراو و کانییەکی گەورەیە و ئەمساڵ بەهۆی ئەو بەفر و بارانەی باریوە ژیاوەتەوە و پڕاو بووە، بەمەش بەرەکەت گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکە".

ڕووبەری سەراوی هەشیلان زیاتر لە 450 هێکتارە زۆرینەی ڕووبەری ئەم سەراوە لە دەشتێکدا هەڵکەوتووە و لە کاتی پڕ ئاویدا زیاتر لە 100 دوڕگەی گەورە و بچووک لە ناو سەراوەکەدا پێک دێن. لە ناو ئەم سەراوەدا شەش جۆر ماسی و چەندین جۆر مار و بوونەوەری ئاویی دیکە وەک بۆق و قرژاڵ دەژین، ئەمەش سەرچاوەیەکی خۆراکی بۆ ئەو باڵندانە پێکهێناوە کە لە وەرزی گەرمادا بەرەو ئەم ناوچەیە کۆچ دەکەن.

سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی ئەم سەراوە کانیی سەزەلییە کە لە نزیک سەراوەکە هەڵکەوتووە و ئاوەکەی پاش بڕینی مەودایەک دەڕژێتە ناو سەراوی هەشیلانەوە.

ڕەزا جەمشیدی، شاعیر و نووسەر دەڵێ"خاکی کرماشان بە سەروا بەباوبانگە، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی وشکەساڵیەوە زۆرینەیان وشک بوون، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی ناوچەکەی گرتەوە ئێستا بەراو و بوژاوەتەوە"

لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم سەراوە وشک ببوو، شارەوانیی کرماشان و فەرمانگەی ژینگەپارێزیی پارێزگاکەش هەوڵیان دا بە گواستنەوەی ئاو لە بەنداوی گاوشانەوە و ڕێگا لە وشک بوونی سەراوەکە بگرن. بەڵام بە دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی گاوشان، ڕاگەیاندرا هیچ رێگایەک بۆ رزگار کردنی ئەم سەراوە لە وشک بوون نەماوە. بەهاری ئەمساڵ و پاش شەپۆلی بەفر و بارانی دوو مانگی رابردوو ڕاگەیاندرا، گواستنەوەی ئاو بۆ سەراوی هەشیلان لە ڕێگای ئەو کاناڵەوە بەردەوام دەبێت.