حەلبووسی: ئەو بڕیارانەی لە دژی کورد و پارتی دەردەکرێن پلانیان بۆ دارێژڕاوە

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەموو ئەو بڕیارانەی لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا لە دژی کورد و بەتایبەت پارتی لەلایەن بەغداوە دەرکراون، پلانیان بۆ دارێژڕاوە و دەستێکیان لە پشتە. وەکو خۆی دەڵێت، "ئەمە بۆ عێراق باش نییە".

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "سومەرییە نیوز" باسی لە دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.

حەلبووسی گوتی، "لەم دواییانەدا بەتایبەت لە ماوەی زیاتر یەک ساڵی رابردوودا؛ کورد و بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان رووبەڕووی ژمارەیەک بڕیاری یەک لەدوای یەکی دادگای فیدراڵی، حکوومەتی عێراق، پەرلەمانی عێراق، دەنگدانەوەی میدیا و ڕای کۆمەڵایەتی بووەتەوە".

بە گوتەی حەلبووسی، ئەو بڕیارانەی لە دژی کورد و پارتی دەرکراون، بە "پلان بووە و بەرنامەیان بۆ دارێژڕاوە". وەکوی خۆی گوتی، "ئەو بڕیارانە بە ڕێکەوت دەرنەکراون. حیسابێکی کەلەکەبووە و ئەمە بۆ عێراق باش نییە. بەشێکی بڕیارەکانیش پەیوەندییان بە دۆخی هەرێمییەوە هەیە".

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، "ناکرێت ئێران لەلایەک هەولێر بۆردوومان بکات؛ هاوکات لەگەڵ بۆردوومانەکە؛ لە بەغدا، ژمارەیەک بڕیار لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان لە دژی هەرێمی کوردستان دەربکرێن یان بخرێنە ژێر فشاری سیاسی و ئابووریی. ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە بڕیارەکان پلانیان بۆ دارێژراوە و پێکەوە پەیوەستن".

رۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە: "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خالەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".

لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".

لە ساڵی 2017، دوای ئەوەی فایەق زێدان بە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دیاریکرا، قۆناغێکی نوێ لە کاری دادگای فیدراڵی بەدیکرا و لە زۆربەی بڕیارەکانیدا توندبوون بەرامبەر هەرێمی کوردستان و هەمیشە لەلایەن سەرکردایەتی سیاسیی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژ بە هەرێمی کوردستان بە سیاسی و نادەستووری وەسفکراوە.

هەر لەو کاتەدا و لە (20ـی تشرینی دووەمی 20217) دادگای فیدراڵی، ریفراندۆمەکەی 25ـی ئەیلوولی خەڵکی هەرێمی کوردستانی به‌ نادەستووری هەژمارکرد و ئەنجامەکەی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، دوای ئەوەش رق و دژایەتی ئەو دادگایە لە دژی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمی و یاساییەکانی زیاتر بوو، تا گەیشتە زەوتکردنی مافە دەستوورییەکان لە هەڵبژاردنی و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ناردنی قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش مووچەی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان.