بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی: بەمزووانە مووچەی مانگی سێ دابەش دەکرێت

دابەشکردنی مووچە
دابەشکردنی مووچە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، "بەمزووانە" دەست بە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەن. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-04-2024، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 352 ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت".

محەممەد عەبدولقادر ئاماژەی بەوەش کرد، "بەمزووانە لەگەڵ گەیشتنی بڕی پارەی پێویست لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، دەست دەکەین بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 28-03-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نزیکەی 599 ملیار دیناریان لە لقی هەولێی بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرت بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم، داوای 944 ملیار دیناری کردبوو. 

هەمان رۆژ، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی بڵاوکردەوە. رۆژی شەممە، 30-03-2024، پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی تەندروستی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، خانەنشینانی شارستانی و خاوەن پێداویستی تایبەت دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا پڕۆسەکە بەردەوامە.

دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی ڕاسپارد بۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات؛ وەزارەتی دارایی ڕۆژی (28ـی ئاداری 2024) لیستی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە.

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2023 و 2024 و 2025 بە 12,67 ترلیۆن دینار دیاری کراوە، واتا لە کۆی 198 ترلیۆن دیناری بودجەی فیدراڵیی عێراق، بڕی 16 ترلیۆن دینار پشکی هەرێمی کوردستانە، بە داتا و ژمارە جگە لە کێشەی ناردنی مووچە، بەغدا کێشەی لە ناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە بڕەکەی 276 ملیار دینارە و کرێی گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی زیاتر لە ترلیۆنێک دینارە، دروست کردووە.