لاپۆرتا بۆ مانەوەی چاڤی لە بارسێلۆنا پلانێکی نوێ جێبەجێ دەکات

چاڤی راهێنەری بارسێلۆنا و لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە
چاڤی راهێنەری بارسێلۆنا و لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی پلانێکی دیکەی داڕشتووە بۆ ئەوەی چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەکەی رازی بکات وەرزێکی دیکەش بمێنێتەوە.

چاڤی دوو مانگ پێش ئێستا رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم وەرزە خۆی و ستافی تەکنیکی یانەکە، بارسێلۆنا بەجێدەهێڵن. دوای ئەم هەواڵە رۆژنامەکان باس لەوە دەکەن، کە لاپۆرتا هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی راهێنەرە ئیسپانییەکە رازی بکات وەرزێکی دیکەش بمێنێتەوە.

بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی، لاپۆرتا دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانەکەی بۆ مانەوەی چاڤی، ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە بارسێلۆنا راهێنەرە گەنجەکەی وەک باڵیۆزێکی نوێ بۆ دامەزراوەی یانەکە بە میدیاکان ناساند.

مۆندۆدیپۆرتیڤۆ ئەوەی ئاشکراکردووە، ئامانج لە دەستپێشخەرییەکەی بارسێلۆنا بۆ دانانی چاڤی وەک باڵیۆزی یانەکە ئەوەیە، تاوەکو هەست بە پێزانین بکات و هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەجێهێشتنی یانەکە بگۆڕێت.

ساتی دیاریکردنی چاڤی وەك باڵیۆزی بارسێلۆنا
ساتی دیاریکردنی چاڤی وەك باڵیۆزی بارسێلۆنا

هەروەها رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ رازیکردنی چاڤی لە راهێنەرایەتی یانەکە، لاپۆرتا دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئێرلینگ هالاند یاریزانی ئێستای مان سیتی واژۆ بکات.

ئێرلینگ هالاند یاریزانی مان سیتی، کە بارسێلۆنا دەیەوێت بیگوزێتەوە
ئێرلینگ هالاند یاریزانی مان سیتی، کە بارسێلۆنا دەیەوێت بیگوازێتەوە

لە دوای مەراسیمی دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی یانەکەی، چاڤی وتی: ئەوە شەرەف و خۆشحاڵییەکی گەورەیە بۆ من، پێگەی یانەکە زۆر گونجاوە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی، کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی، هەر ئەوەش لە بارسێلۆنا چاوەڕێ دەکرێت، وەک یۆهان کرۆیف پێشتر گوتبووی: ئەگەر دەرفەتێکت بۆ رەخسا بۆئەوەی هاوکاری کەسێك بکەیت، دەبێت بیکەیت.

چاڤی گوتیشی: شانازییەکی گەورەیە، کە بتوانم یارمەتی کەسێك بدەم و دەمەوێت لەم رێگەیەوە سوود بە زۆرترین کەس بگەیەنم.

یانەی بارسێلۆنا ئەم وەرزە لە دوای 30 گەڕ بە کۆکردنەوەی 67 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی لالیگا دێت و راهێنەرەکەی پێشتر گوتبووی، دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە هەر ئەنجامێك بەدەستبهێنێت یانەکە بەجێدەهێڵێت.