ئاری هەرسین: هەڵبژاردن بە بێ پارتی ناکرێت
K24 – سلێمانی:
بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی ڕایگەیاند: هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەڵبژاردن ڕوونە و دوو ساڵە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت, بەڵام ئەوانەی لە دەنگی زۆرینەی پارتی دەترسن، تا دڵنیابوونەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردن کە دەتوانن خۆیان دیزاینی بکەن، ڕێگربوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
رۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پارتی هێزێکی بچووک نییە بە ئاسانی لە پرۆسەی سیاسیی بخرێتە دەرەوە، بۆیە هەموو هێزە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش دەزانن، هەڵبژاردن بەبێ پارتی ئەو سەنگەی نییە و کێش دەیەوێت بە بێ پارتی هەڵبژاردن بکات، گۆڕەپانەکەی بۆ کراوەتەوە.
ئاری هەرسین دووپاتی کردەوە، پارتی هۆی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردن ڕوونکردووەتەوە و بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەوبارەیەوە هەموو هۆکارەکانی دیاریکردووە؛ بۆیە ئەوان بەشداری لە هەڵبژاردنێک ناکەن تاوەکو پیلانگێڕییەکی گەورە لە هەرێمی کوردستان لە ئارادا بێت کە ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردن بکرێت.
ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".
ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.