وەزارەتی دارایی: شاندی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە هەولێر

شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: شاندی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە هەولێر کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچە سەردانی بەغدایان کردبوو.

رۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: "دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و سەرکەوتوو لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لە سەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئادار، شاندەکە کۆتاییان بەسەردانەکەیان بۆ بەغدا هێنا و گەڕانەوە هەرێمی کوردستان".

لەلایەن خۆیەوە، محه‌ممه‌د عه‌بدولقادر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ژمێركاری لە وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، لیستی مووچه‌مان به‌ شێوازی دیجیتاڵی راده‌ستی به‌غدا كردووه‌، چاوه‌ڕێین مووچه‌ی مانگی ئاداریش بگات و پێش جه‌ژن ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی ده‌كه‌ین و ڕۆژانی جه‌ژنیش له‌ دابه‌شكردنی به‌رده‌وام ده‌بین.

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد: "لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت".