چەکدارانی جەیشولعەدل پەلاماری چەند بارەگایەکی هێزەکانی ئێران دەدەن و کوژراو و برینداریش هەن

K24 – هەولێر

ڕێکخراوی چەکداری جەیشولعەدل لە سنووری پارێزگای سیستان و بەلوچستان کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، لە چەند ناوچەیەکی جیا و هاوکات هێرشیان کردووەتە سەر چەند بارەگایەکی هێزەکانی ئێران و بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان دوو پاسدار و پۆلیسێک کوژراون.

عەلیڕەزا مەرحەمەتی، یاریدەدەری کاروباری ئەمنی پارێزگاری سیستان بەلوچستان بە ئاژانسی ئیرنای ڕاگەیاندووە، درەنگانی شەوی چوارشەممە چەکدارانی گرووپی جەیشولعەدل کە سەر بە ئیسرائیلە لە هەردوو شارۆچکەی ڕاسک و چابەهار هێرشیانکردووەتە سەر چەند بارەگەیەکی هێزە ئەمنییەکان و لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و ژمارەیەک لە چەکدارەکانیش کوژراون و برینداریشیان هەیە.

بە گوتەی مەرحەمەتی تا وەکوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دۆخی ئاسایشی هەردوو شارۆچکەکە کۆنترۆڵکراوە و ئاسایی بووەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە گرووپی جەیشولعەدل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام بڵاویکردووەتەوە، لە شارۆچکەکانی سەرباز، ڕاسک و چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان هێرشیان کردووەتەوە سەر بارەگای هێزەکانی ئێران و توانیویانە لە دووڕیانی پارودی شاروچکەی سەرباز بارەگای سوپای پاسداران کۆنترۆڵ بکەن.

هەروەها دیمەنی ڤیدیۆیی بردنی چەک و جبەخانەی بارەگاکەی سوپای پاسدارانیان بڵاوکردووەتەوە.

هەر دەربارەی شەڕەکە، مەجید میرائەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری ئەمنی ڕایگەیاندووە، چەکدارانی جەیشولعەدل لە یەک کاتدا هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای هێزەکانی پاسەوانی سنوور و بارەگای سوپای پاسداران لە شارۆچکەی ڕاسک، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگریان لە دەربازبوونی چەکدارەکان و گەیشتنی هێزی پشتیوانی کردووە و دوای 30 خولەک لە شەڕو پێکدادان توانراوە شارۆچکەکە لە چەکداران پاک بکرێتەوە و هەشت چەکداریش کوژراون.

هەروەها ئاژانسی تەسنیم کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردووەتەوە، دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و ئەو هەواڵ و زانیاریانەی لە بارەی شەڕو پێکدادان لە شارۆچکەی سەرباز بڵاوکراوەتەوە، ناڕاستن.

 چەکداری جەیشولعەدل، ڕێکخراوێکی سوننە مەزهەبە جوداخوازەکانی ئێرانە و لە ساڵی 2012 ـەوە لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران دەستی بە چالاکیی چەکداریی کردووە و بنکە و بارەگاکانیشیان لە خاکی پاکستانە.