ئەمەریکا داوای هەرچی زووتر ئەنجامی کوژرانی حەوت فریاگوزارەکە لە ئیسرائیل دەکات

K24 - هەولێر

ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کرد بە زووترین کات بگاتە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە هێرشی کوژرانی حەوت کارمەندە فریاگوزارەکەی (WCK) لە کەرتی غەززە.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گرنگە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و گشتگیر سەبارەت بە بۆردومانکردنی کاروانی ڕێکخراوەکە لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام بدرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا دەیەوێت دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئیسرائیل لەبارەی کوشتنی کرێکارانی ( WCK) بە زووترین کات بزانێت.

میلەر گوتیشی: "لە ڕاستیدا گرنگ نییە چۆن هەڵەکەیان کردووە، چونکە حەوت کارمەندەکە کوژراون، کە هەوڵیان دەدا هاوکاری مرۆیی بگەیەنن." هەر بۆیە، هەرچییەک بووبێتە هۆی ئەم کارەساتە، و هەر هەڵەیەک کە ڕوویداوە." لەناو IDFدا،"ئەوە قبوڵ ناکرێت.

لای خۆیەوە خۆسێ ئەندرێس، دامەزرێنەری ڕێکخراوی "WCK"، ڕۆژی چوارشەممە پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکەی ئیسرائیل کرێکارانی فریاگوزاری "بە شێوەیەکی سیستماتیکی، ئۆتۆمبێل لە دوای ئۆتۆمبێل"ی کردووەتە ئامانج.

ئەندرێس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، گروپە خێرخوازییەکەی(WCK) پەیوەندییەکی ئاشکرایان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل هەبووە، کە بە وتەی خۆی ئیسرائیل جموجۆڵی کارمەندانی فریاگوزاری دەزانێت.

پێشتر ڕێکخراوەکە پشتڕاستی کردبووەوە کە "لە کاتێکدا تیمی فریاگوازاری کۆگایەکیان لە بەدێر بەلاح جێدەهێشت، 7لە کارمەندەکانی لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، ئەوەش سەرەڕای هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل". بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە، کوژراوەکان خەڵکی "ئۆسترالیا، پۆڵەندا، بەریتانیا و دوو هاوڵاتی ئەمەریکا، کەنەدا و فەڵەستین" بوون.