بوومەلەرزەیەکی بەهێز ژاپۆنی هەژاند

بوومەلەرزە
بوومەلەرزە

K24 – هەولێر

ئاژانسی چاودێری کەش و هەواو بوومەلەرزەزانی ژاپۆن بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بوومەلەرزەیەک بە هێزی 6 پلەی ڕێختەر کەناراوەکانی ناوچەی فۆکۆشیمای لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆنی هەژاند.

ئاژانسەکە ئاماژەیداوە، چەقی بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 40 کیلۆمەتری زەوییەوە بووە و دانیشتوانی تۆکیۆی پایتەخت هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە، بەڵام هیچ هۆشداریی و مەترسییەک لە روودانی سۆنامی نییە.

تا وەکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە بارەی بوونی زیانەکان بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام لە دوای بوومەلەرزە 7,4 رێختەرییەکەی دوێنێی تایوان، ئەمە دووەمین بوومەلەرزەی بەهێزە لەو ناوچەیە تۆمار دەکرێت.

بەگوێرەی ئامارەکان لە بوومەلەرزەکەی دوێنێی تایوان نۆ کەس مردن و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون، جیا لەوەی زیانێکی زۆر بە باڵەخانەکانی شاری هوالین گەیشتووە.

هەروەها ناوەندی بوومەلەرزەزانی تایوان (وو شین فو) ڕایگەیاندبوو، بوومەلەرزەکەی چوارشەممە (3ی نیسانی 2024) بەهێزترین بوومەلەرزەیە لە 25 ساڵی ڕابردوودا دوای ئەو بوومەلەرزەیەی ساڵی 1999 بە پلەی 7,6 پلەی ڕێختەر تایوانی هەژاند و بەهۆیەوە 2400 کەس مردن.