توێژینەوەیەک: بەغدا خراپترین پایتەختی جیهانە لە ڕووی کوالێتی کەرتی تەندروستییەوە

بەغدا خراپترین پایتەختی جیهانە لە ڕووی کوالێتی کەرتی تەندروستییەوە
بەغدا خراپترین پایتەختی جیهانە لە ڕووی کوالێتی کەرتی تەندروستییەوە

K24 - هەولێر

بە گوێرەی پۆلێنبەندییەکی گۆڤاری "سی ئی ئۆ وێڵد"ـی ئەمەریکی، عێراق لە ریزبەندی 79ـەمین وڵاتانی جیهاندایە لە ڕووی خراپی کەرتی تەندروستییەوە. بە گوێرەی پۆلێنبەندییەکی دیکەش، بەغدا خراپترین پایتەختی جیهانە لە ڕووی کوالێتی کەرتی تەندروستییەوە.

کەرتی تەندروستی لە عێراق وەک هەر کەرتێکی دیکەی وڵاتەکە قوربانی دەستی گەندەڵییە. سەروەت و سامانە زۆرەکەی عێراق خزمەتێکی ئەوتۆی بە کەرتی تەندروستی نەکردووە و ئەو کەرتە بەدەست چەندین قەیرانی جیاوازەوە دەناڵێنێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی پۆلێنبەندی گۆڤاری "سی ئی ئۆ وێڵد"ـی ئەمەریکی، کە لەسەر بنەمای، خزمەتگوزاری، چاودێری، لێهاتوویی پسپۆڕانی تەندروستی و پاڵپشتی حکوومی کراوە، عێراق لە ریزبەندی 79ـەمین وڵاتانی جیهاندایە لە ڕووی خراپی کەرتی تەندرووستییەوە، کە عێراق لە ریزبەندییەکەدا تەنها لە پێش وڵاتانی، بەنگلادش، سودان، ئۆگەندا، پاکستان و سلڤادۆرەوەیە.

لە توێژینەوەیەکی ماڵپەڕی "نۆمبیۆ"ـی سڕبی کە پۆلێنبەندی پایتەختەکانی جیهانی لەڕووی کوالێتی کەرتی تەندروستی کردووە، بەغدای پایتەختی عێراق لە ریزبەندی کۆتایی ریزبەندییەکەدایە، وەکو خراپترین پایتەختی جیهان لە ڕووی کوالێتی کەرتی تەندروستییەوە.

رۆژنامەی "زە ناشیۆناڵی ئیمارات"ـیش ئاماژە بەوەدەدات، کەرتی تەندروستی عێراق لە لێواری داڕووخاندایە، هۆکارەکەشی بۆ داڕووخانی ژێرخانی ئابووری، کەمی پێداویستی و دەرمان، گەندەڵی و کۆچی پزیشکان دەگەڕێنێتەوە.

کەمیی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەکانی عێراق و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی پێشکەوتوو، وای لە عێراقییەکان کردووە بۆ چارەسەری زۆرینەی کێشە تەندروستییەکانیان روو لە دەرەوەی وڵات بکەن، کە بەگوێرەی ئامارە حکومییەکان، تێچووی گەشتی عێراقییەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەریی لە دەرەوەی وڵات، ساڵانە لە نێوان  750  ملیۆن بۆ یەک ملیار دۆلاردایە.

جاسم عەزاوی، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق پێی وایە، قەیرانەکانی کەرتی تەندروستی دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی چەندین ساڵەیە، دەشڵێت، کەرتی تەندروستی عێراق پێویستی بە چاکسازی و گەشەپێدانی ڕیشەییە، لە چوارچێوەی پلانێکی زانستی تۆکمە و تەرخانکردنی بەشە بودجەیەکی زیاتر و نەهێشتنی دەستی گەندەڵی لە کەرتەکەدا.