سەرۆک بارزانی: پێویستە حکوومەتی عێراق موڵك و ماڵی کوردانی فەیلی بگەڕێنێتەوە و قەرەبوویان بکاتەوە

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 - هەولێر

سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی جينۆسايدى كوردانى فه‌يلى رایدەگەیەنێت، تاوانی کوردانی فەیلی تەنیا پشتگیریكردنی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و كوردبوونەكەیان بووە. بە پێویستیش دەزانێت حکوومەتی عێراق قەرەبوویان بکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-04-2024، سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی جينۆسايدى كوردانى فه‌يلى، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "خوشك و برایانی كوردی فەیلی لەناو دەوڵەتی عێراقدا ئازار و مەینەتی و دەربەدەریی زۆریان چەشتووە. تەنیا تاوانیان پشتگیریكردنی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و كوردبوونەكەیان بووە".

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "دەركردن و لێسەندنەوەی ناسنامە لە سەدان هەزار كەس لە خوشك و برایانی كوردی فەیلی و بێسەروشوێنكردنی هەزاران گەنجی فەیلی  لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، تاوان و زوڵمێكی زۆر گەورە بوو، بەشێك بوو لەو زنجیرە تاوانە ڕێكخستوانەی كە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كوردستان ئەنجامیان داوە".

سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق ئەركی خۆی "بۆ گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ و ناسنامە و قەربووكردنەوە و نەهێشتنی ئاسەواری جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی" جێبەجێ بكات.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە، "لە یادی چل و چوار ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین. ڕۆڵ و دڵسۆزیی خوشك و برایانی فەیلی بۆ دۆزی نەتەوەکەیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد هیچ كاتێك لەیاد ناكرێت".