دادگای سوودان داوا لە سەرکردایەتی "تەقەدووم" دەکات لە ماوەی هەفتەیەکدا خۆیان ڕادەست بکەن

سەرکردەکانی پارتی "تەقەدووم" لە سوودان
سەرکردەکانی پارتی "تەقەدووم" لە سوودان

K24 - هەولێر

کەناڵی سوودان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، داواکاری گشتیی باڵای سوودان داوای لە 16 سەرکردەی لێژنەی هەماهەنگیی "تەقەدووم" کردووە لە ماوەی هەفتەیەکدا خۆیان ڕادەست بکەن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی جیهانی عەرەبی، داواکاری گشتی باڵای سوودان ڕایگەیاندووە، ئەو داواکارییە بە تۆمەتی پەیوەست بە "یارمەتیدان، هاوکاری، تاوان دژی دەوڵەت، تێکدانی سیستەمی دەستووری، هەروەها تاوانەکانی جەنگ و کۆمەڵکوژی" هاتووە.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەنێو ئەو ناوانەدا "عەبدوڵڵا حەمدۆک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوودان، سەرۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی سوودان، مریەم سادق ئەلمەهدی، وەزیری پێشووی دەرەوەی سوودان، عومەر ئەلدەقیر، سەرۆکی پارتی کۆنگرەی سوودان و جێگرەکەی خالید عومەر یوسف و محەمەد ئەلفاکی سلێمان، هەروەها ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی سەروەری سوودان داواکاری گشتی فیدراڵی لە پۆرتسوودان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرکردەکان دەرکرد و داوای کرد خۆیان ڕادەستی نزیکترین بنکەی پۆلیس بکەن.

هەروەها فەرمانی دەستگیرکردنەکە بریتی بوون، لە سەرۆکی دەستەی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی فیدراڵی، بابەکر فەیسەڵ، ئەندامی کۆمەڵەی پیشەییەکان، تەها عوسمان ئیسحاق، سەرۆکی بزووتنەوەی داد و یەکسانی سوودان، سلێمان سەندەل، ڕۆژنامەنووس شەوقی عەبدولعەزیم  و ماهر ئەبو جوخ، گوتەبێژی (تەقەدووم) ڕەشا عەوز.

لە 15 نیسانی ساڵی 2023، شەڕ لەسوودان لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵداوە.

فیلیپۆ گراندی، کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران گوتیبووی: "لە نیسانی 2023ـەوە واتا کەمتر لە ساڵێک، هەشت ملیۆن کەس لە سوودان ماڵوحاڵییان جێهێشتووە، زۆرینەیان لە ناو سوودان ئاوارەبوونە، بەڵام لە دەرەوەش زیاد دەکات و زیاتر لە ملیۆن و نیوێک روویان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە."

بەگوێرەی رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، شەڕ لە سوودان هەڕەشەی لەسەر ئایندەی 24 ملیۆن منداڵی ئەو وڵاتە دروستکردووە.

بەهۆی شەڕی ناوخۆ سێ ملیۆن و 500 هەزار منداڵ ئاوارەبوونە، زیاتر لە حەوت ملیۆن و 400 منداڵ ئاوی خواردنەوەیان دەستناکەوێت و پێنج ملیۆن منداڵ لە سوودان لە ناوچەکانی شەڕ گیریان خواردووە. زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵی ژێر تەمەن پێنج ساڵ بەدەست کەمخۆراکییەوە دەناڵێنن.

هەروەها 19 ملیۆن منداڵ لە سوودان لە قوتابخانە دابڕاون، بەلایەنی کەمەوە 10 هەزار و 400 قوتابخانە لەو وڵاتە داخراون.

هاوکات پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سوودان، حەوت ملیۆن منداڵ لە قوتابخانە دابڕابوون، بەمەش سوودان لەرووی خوێندن و پەروەردەوە یەکێکە لە قەیراناویترین وڵات لە جیهاندا