وەزارەتی خوێندنی باڵا داشکاندن لە کرێی خوێندنی ئێواران و پارالێڵ دەکات

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

K24 – هەولێر:

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی وەزاری بۆ داشکاندن لە کرێی خوێندنی ئێواران و پارالێڵ دەرکرد.

ڕۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی وەزاری ژمارەی (771) لە (4/4/2024) بڕیاری دا داشکاندن لە کرێی خوێندنی بەرایی (پارالێڵ و ئێواران و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکوومەتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان بکات.

لە فەرمانەکەدا هاتووە: داشکاندنی بڕی 20% لە کرێی خوێندنی ئێواران و پارالێڵ بۆ خوێندنی بەرایی و باڵا، پاڵپشت بە کۆبوونەوەی ژمارەی 2ـی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا.

هەروەها پاڵپشت بە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە (27ـی ئاداری 2024) جارێکیتر بڕیار درا بە داشکاندنی بڕی 20%ـی دیکە لەو پارەیەی کە لای قوتابییان ماوە، سەرباری داشکاندنەکەی پێشتر.

وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری داوە کە ئەم داشکاندنە تەنیا ئەو بڕە پارەیە دەگرێتەوە لە کۆی ئەو پارەیەی کە لەلای قوتابییان ماوە و تاوەکو (5ـی ئایاری 2024) گشت ئەو پارەی ماوەتەوە دەبێت  لەلایەن قوتابییانەوە بە یەک قیست بدرێت.

هەروەها لە فەرمانەکەدا هاتووە، ئەم داشکاندنە تەنیا بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن جێبەجێ دەکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان ڕایگەیاند، کە یەکێک لە بڕیارەکان بریتی بوو لە داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێڵ لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.