تا کۆتایی ئەمساڵ هەزار ئامێری پارەدەر (ATM) لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێن

هەژماری من
هەژماری من

K24 – هەولێر:

پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی "هەژماری من" بەردەوامە و ڕێژەی تۆمارکردنیشیان گەیشتووەتە 260 هەزار کەس، هاوکات 153 هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، تا کۆتایی ساڵی 2024، نزیکەی هەزار ئامێری پارەدەر (ATM) لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێن.

ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندایە، کە بریتین لە (BBAC، IIB،CIHAN ،RT ،NBI)،  سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دان پێدانراون و بەشدارییان پەسەند کراوە.

ماوەی ساڵێکە وەک دەستپێکی تاقیکاری (ئەزموونی)، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین، مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە.

بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بریتین لە:

1- دەستڕاگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی.

2- ئامێرەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ پارەکەی ڕابکێشێت.

3- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/پێشینەی جۆراوجۆری بانک.

4- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.

5- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

6- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.