ئەشواق جاف: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەڕی گەندەڵی و جێبەجێکردنی دەستووری کرد، هاوکات گوتی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیاوی دەوڵەتە و هەرگیز سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، خەڵکی کوردستان پیلانی ناحەزانیان لەباربرد و هەمیشە متمانەیان بە حکوومەتی خۆیان هەبوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیاوی دەوڵەتە و هەموو بەڵێنەکانی کردە کردار.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کاری لەسەر دوو خاڵ کردووە، یەکەم؛ نەهێشتنی گەندەڵی. دووەم؛ بەدەستهێنانی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی  لە دەستووری عێراقدا هاتووە. جەنابیان شەڕی گەندەڵی و جێبەجێکردنی دەستووری کرد.

ئەشواق جاف، ئاماژەی بەوەدا، لەو کابیەنەیەدا بەربەستی زۆر بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کرا، بەڵام جەنابیان سازشی لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکرد و بەڵکو لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و کار ئاسانی بۆیان بەردەوام بوو.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، لەبارەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە گوتی: بڕیارەکانی دادگاکە پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق شەرمەزار کرد، هەروەها وێنەیەکی ناشرینی دیموکراسیی عێراقی نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا.

لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەشواق جاف،ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی نێوانیان ئەرێنییە و لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هەروەها ئەو ڕێککەوتنەی نێوانیان دەبێتە جێگەی خۆشحاڵیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، ئەو لایەنانەی کە دژی دەستوور و هەرێمی کوردستانن هەوڵەکانیان شکست دەهێنێت، هەروەها هەوڵەکانی هەردوو سەرۆک حکوومەت، بە دڵنیاییەوە دەبنە کلیلێک بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی سوودانی، کە ئەمەش دەسپێکێکی باشە بۆ چارەکردنی دۆسییەکانی دیکە.