شوان کەلاری: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا هەمیشەیی دەبێت

شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شەڕی بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد. جەختی لەوەشکردەوە، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا هەمیشەیی دەبێت.

شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێکەوتنی نیوان هەولێر و بەغدا هەمیشەیی دەبێت، کە بەرئەنجامی گفتوگۆی زۆری پێشوەختە بووە و توانرا هەموو لایەک تێبگەیندرێت ئەوەی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرا لە رابردوودا ستەمێکی گەورەبوو و بابەتەکە تێکەڵاوی بابەتێکی سیاسی کرابوو.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان عێراق راشیگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تا ئێستا شەڕی بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەکرد، سەرەڕای ئەوەی کێشەی زۆری لەلایەن بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێراق و کەسایەتی سیاسی لە ناوخۆی کوردستان بۆ دروست دەکرا، بەڵام وەک جەنابیان ئاماژەی پێدا "بە پشتبەستن بە خودا و خەڵکی کوردستان کێشەکان چارەسەر دەکەین"

شوان کەلاری، ئاماژەی بەوەدا، دوای جەژن هەموارکردنەوەی یاسای بودجەش دەهێندرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدرێت.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق، دەڵێت: بە گوێرەی رێککەوتنەکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوەی فەرمانبەرانی عێراق دابەش دەکرێت و دوا ناکەوێت، چونکە دواجار رێککەوتنی لەسەر کراوە.

شوان کەلاری، باسی لەوەکرد، پێش وادەی دابەشکردنی مووچە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی داتا و زانیارییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کردووە.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، مووچەی مانگی دوو و سێ بە تەواوی دابەش دەکرێت. ناوبراو هیواخواز و گەشبینیشە کە پێش کۆتایی هاتنی مانگی نیسان مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانیش دابەش دەکرێت.

شوان کەلاری، جەختی لەوەشکردەوە، ئەو پارەیەی لە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت ئەوە لە پشکی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستانە لە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2024.