ئیسرائیل دەستی بە گرتنەبەری رێکكاری پێویست بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئێران کردووە

سوپای ئیسرائیل
سوپای ئیسرائیل

K24 - هەولێر:

بەرپرسانی ئێران و گروپەچەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە لە عێراق، سووریا و لوبنان هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کوژرانی حەوت ئەفسەر و ئەندامی پاسداران لە دیمەشق دەکەن، ئیسرائیلیش دەستی کردووە بە گرتنەبەری رێکكاری پێویست بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئێران.

لەوبارەیەوە ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ئێران لەبەردەم دوو سیناریۆی سەختدایە، ئەگەر وەڵامی ئیسرائیل نەداتەوە لەبەرچاو دۆستەکانی دەبێتە پڵنگی سەر کاغەز، گەر وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە دۆخەکە دەچێتە قۆناغێک پێشبینیکردنی قورس دەبێت.

ئیسرائیل گومانی هەیە لەوەی ئێران بەرامبەر هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق و کوژرانی حەوت ئەفسەر و ئەندامی سوپای پاسداران بێدەنگ دابنیشێت، دڵنیایە ئێران وەڵام دەداتەوە. هەربۆیە لە ئێستاوە دەستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی پاراستنی خاکی وڵاتەکەی لە هێرشی مووشەک و فڕۆکەی جەنگی پاسدران.

لەوبارەیەوە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل با وانەزانێت ئەو تاوانەی لە دیمەشق کردی بەبێ سزا تێدەپەڕێت.

پێدەچێت تەلئەڤیڤ هەڕەشەکانی تارانی بۆ وەڵامدانەوە بە هەند وەرگرتبێت، بەوپێیەی لە دوو رۆژی رابردوودا هێزی بەرگریی ئاسمانی خستووەتە دۆخی ئامادەباشییەوە و سەربازە مۆڵەتپێدراوەکانی بانگ کردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە پێگەی ئاکسیۆسی ئەمه‌ریکی ئاشکرایکردووە، ئیسرائیل لەگەڵ ئەمه‌ریکا لە پەیوەندیدایە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی مووشەکی بالیستی و ئەگەری هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران بۆسەر خاکی وڵاتەکەی.

ئەو پێگە ئەمه‌ریکییە ئاماژەی بەوەشداوە، بەرپرسانی ئیسرائیل زانیارییان دەستکەوتووە رەنگە ئێران بە مووشەکی بالیستی یاخود کروز یاخود درۆن خاکەکەیان بکاتە ئامانج.

هەربۆیە کۆشکی سپییان دڵنیاکردووەتەوە، ئەگەر ئێران هێرشبکاتە سەرخاکی وڵاتەکەیان، دۆخەکە دەگاتە ئاستێک کە هێوربوونەوەی ئه‌ستەم دەبێت.

ترسی تەلئەڤیڤ تەنها لەهێرشی راستەوخۆی ئێران نییە، بەڵکو ئەگەری هەیە گروپەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق، سووریا و لوبنان لەرێگەی درۆنەوە هەوڵی زیانگەیاندن بە ئیسرائیل بدەن.

سەرباری هەڕەشە توندەکانی بۆ وەڵامدانەوەی کوژرانی حەوت بەرپرسی سوپای پاسداران لە دیمەشق، بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز جەخت لەوەدەکاتەوە، ئێران لەبەردەم دوو سیناریۆی زۆر خراپدایە، ئەگەر وەڵامی ئیسرائیل نەداتەوە ئەوا دەبێتە پڵنگی سەر کاغەز، ئەگەر وەڵامیشی بداتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، کە کەس پێشبینی باشی لێنکات.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 01-04-2024، هێزەکانی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر پێگەکانی ئێران لە سووریا. میدیای فه‌رمی ئێران له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، له‌ ئه‌نجامی هێرشەكەدا كه‌ "له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ ئه‌نجام درا، هه‌شت كه‌س له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق كوژراون".

لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە ئیسرائیل 30 هێرشی کردووەتە سەر خاکی سووریا. لەو هێرشانە 22ـیان ئاسمانی و 8 هێرشی دیکە بۆردومانی زەمینی بوون. ئەم هێرشانە 59 ئامانجی جیاوازی سوپای ئێران و میلیشیاکانی نزیک لێی پێکاوە کە بەشێک لەو ئامانجانە کۆگای چەک و تەقەمەنی بوون.

هەروەها بەهۆی ئەو هێرشانەوە 123 چەکدار کوژراون و 47ـی دیکە برینداربوون، کە کوژراوەکان پێکهاتوون لە ئەندامانی سوپای پاسداران، چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانی، چەکدارانی میلیشیاکانی عێراق، چەکدارانی میلیشیاکانی سووریا، سەربازانی رژێمی سووریا هەروەها دابەشبوونی ناوچەی هێرشەکان بریتین لە دیمەشق، دەرعا، حمس، قونەیتەرە، تەرتووس، دێرەزوور، حەلەب.