ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ: ئاکپارتی لە خەڵک دابڕاوە و تایبەتمەندی حزبیی لەدەستداوە

ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ، سەرۆکی دووبارە هەڵبژێردراوەی شارەوانی ئیستانبوڵ
ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ، سەرۆکی دووبارە هەڵبژێردراوەی شارەوانی ئیستانبوڵ

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دووبارە هەڵبژێردراوەی شارەوانی ئیستانبوڵ لەسەر پشکی جەهەپە رایگەیاند، حزبەکەیان توانیویەتی سەرکەوتنێکی راستەقینە لە هەڵبژاردنەکە بەدەستبینێت، هاوکات دەڵێت: ئاکپارتی لە خەڵک دابڕاوە و تایبەتمەندی حزبیی لەدەستداوە.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ، سەرۆکی دووبارە هەڵبژێردراوەی شارەوانی ئیستانبوڵ لەسەر پشکی جەهەپە رایگەیاند، هەر پارتێک لە گۆڕانکاریی تێیدا نەکرابووبێت لە هەڵبژاردنەکەی 31ـی ئاداردا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حزبەکەیان توانیویەتی سەرکەوتنێکی راستەقینە لە هەڵبژاردنەکە بەدەستبینێت. لەبارەی ئاکپارتییەوە گوتی: ئاکپارتی لە خەڵک دابڕاوە و تایبەتمەندی حزبیی لەدەستداوە.

ڕۆژی یەکشەممە (31ی ئاداری 2024) هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوە چوو کە 34 پارتی سیاسیی ڕکابەرییان لە سەر سەرۆکایەتیی 81 شارەوانیی شارەکان کرد.

لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بە گوێرەی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا 100% دەنگەکان جیاکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی ڕاگەیەندراوە تا وەکوو ئێستا تەنیا ئەنجامی بەراییە و بڕیارە دوای یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکانی سەر پرۆسەکە، ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنرێت.