ئەنتۆنی بلینکن: دەمانەوێت هەمووان بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەیانەوێت هەمووان بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن و هەموو هاووڵاتییان نوێنەرایەتییەکی باشیان هەبێت.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، دەخوازن پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش بچێت و بەرهەمداربێت بۆ هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختیکردەوە کە سەرنجیان لەسەر گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بووە، کە پرسی هەڵبژاردنیش بەشێکە لەو گفتوگۆیانە و جەختیکردەوە، ئەمەریکا دەیەوێت هەمووان بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن و هەموو هاووڵاتییان نوێنەرایەتییەکی باشیان هەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای رۆژێک لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە (31ـی ئاداری 2024)  ئه‌لینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق رایگەیاند: "لەپێناو به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و شه‌فاف له‌ نزیكترین كاتدا، هانی پارتی دیموكراتی كوردستانم دا، كار له‌گه‌ڵ ته‌واوی پارته‌ سیاسییه‌كانی هەرێمی كوردستان و به‌غدا بكات".

هەروەها رۆژی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) ماتیۆ میلـەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەردانی باڵیۆزی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هانی ئەو هەوڵانە دەدەن بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە و ئازاد و زۆر باش لە هەرێمی كوردستان.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریاندە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.