بڕیارە ئەمڕۆ دانووستانەکانی ئاگربەستی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە میسر دەست پێبکاتەوە

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە لە ژێر فشاری جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا گەڕێکی دیکەی دانووستانەکانی ئاگربەستی شەڕ لە غەززە بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریکا لە قاهیرەی پایتەختی میسر دەست پێبکاتەوە.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، رۆژی هەینی بایدن داوای لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەرکردووە هاوکاربن لە ڕازیکردنی حەماس بۆ ئەوەی بچێتە ژێر باری ئاگربەستی ئازادکردنی ڕفێندراوەکان بەرانبەر بە ئازادکردنی زیندانەکانی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە.

هەروەها بڕیارەی ئەمڕۆ ولیام بێرنز سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا (سی ئای ئەی) لەگەڵ دەیڤید بارنیا سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بگەنە قاهیرە.

هەر لەم بارەوە ئاژانسی ئەسیۆشێیتد پرێس بڵاوی کردووەتەوە، بایدن دوو نامەی هەر یەک لە سەرۆکی میسر و میری قەتەر ناردووە و داوای لێیان کردووە فشار بخەنە سەر سەرکردەکانی حەماس تاوەکوو پابەندی بڕیاری ئاگربەست بن.

پێشتریش کۆشکی سپی بڵاوی کردبووە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بە بەشداری هەردوو سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و ئەمەریکا ، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی میری قەتەڕ و سەرۆکی هەواڵگری میسر، عەباس کامل دانووستانەکانی ئاشتی دەست پێدەکەنەوە.

لەوەتەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 25ی مانگی ڕابردووەوە پرۆژە بڕیاری ئاگربەسی پەسەند کردووە، هەردوو لایەنی شەڕی غەززە، بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرئیل یەکتر بە پێشێلکاری شەڕ و پابەند نەبوون بە بەڵێنەکان تۆمار دەکەن. بەڵام مەرجێکی زەقی ڕێکنەکەوتنەکەیان پەیوەست بە قەبووڵنەکردنی کشانەوەی سوپای ئیسرائیلە لە کەرتی غەززە دوای جێبەجێکردنی ئاگربەست.