ڤان دایک: کۆمەڵێک هێرشبەر هەن کە تووشی کێشەت دەکەن

ڤێرجیل ڤان دایک بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوول
ڤێرجیل ڤان دایک بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوول

ڤێرجیل ڤان دایک بەرگریکاری هۆڵەندی یانەی لیڤەرپوولی ئینگڵتەرا، یەکێکە لەو بەرگریکارانەی بەردەوام هێرشبەرەکانی بەرامبەر تووشی زەحمەتی دەکات، بەڵام ئەو بەرگریکارە باس لەو هێرشبەرانە دەکات کە بەرامبەریان تووشی کێشە و ئەستەمی بووە.

بەرگریکارەکەی هەڵبژاردەی هۆڵەندا پێیوایە مێسی و هالاند دوو هێرشبەری زۆر ترسناک و لێهاتوون و هەر کاتێک بێ ئاگابن لەو دوو یاریزانە بە توندی سزات ئەدەن. ڤان دایک لەمبارەوە دەڵێت '' بێگومان مێسی هێرشبەرێکی زۆر ترسناکە، هەروەها ئێرلینگ هالاند ئەویش بە هەمان شێوە، ئەو هێرشبەرێکی بەهێز و سەردەمیانەیە و هەر کاتێک بێ ئاگابی لەو یاریزانە، ئەو کات زۆر بە توندی سزات ئەدات ''.

ڤان دایک لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئاماژە بە سێرخیۆ ئەگوێرۆ هێرشبەری پێشووی یانەی مانچێستەر سیتیش دەکات و دەڵێت '' ئەو یاریزانە توانای ئەوەی هەبوو بە هەردوو قاچ یاریی بکات، ئەو کاتەی من لە ریزەکانی ساوسامبتن بووم، هەمیشە منی تووشی زەحمەتی کردووە، لەبەر ئەوەی یاریزانێکە توانای یاریکردنی بە هەردوو قاچ هەیە و بە باشی ئەیتوانی سوود لە دەرفەتەکانی ببینێت ''.

بەرگریکارە هۆڵەندیەکەی یانەی لیڤەرپوولی ئینگڵتەرا دووانەی هازارد و ئۆلیڤەر جیرۆ بە دووانەی بێزارکەر ناو دەبات و دەڵێت '' ئەو کاتەی ئەو دوو یاریزانە لە چێڵسی بوون، پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ یەکتری هەبوو، بۆیە دووانەیەکی زۆر ترسناک و بێزارکەر بوون و هەمیشە بەرگریکارانی بەرامبەریان تووشی کێشە کردووە ''.