ئەمشەو دێربی بادینان بەڕێوەدەچێت

زاخۆ و دهۆک
زاخۆ و دهۆک

ئەمشەو کاتژمێر 21:30 لە یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ، لە گەڕی 22 خولی ئەستێرەکانی عێراق هەردوو یانەی زاخۆ و دهۆک، لە دێربی بادینان رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

ئەمشەو کۆمەڵێک یاریی لە گەڕی 22 خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت و لە گرنگترین یاریی هەردوو یانەی زاخۆ و دهۆک رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. ئەم وەرزە خاوەن یاریگا لە کۆی 21 یاریی، خاوەنی 8 بردنەوە و 3 دۆڕان و 10 بەرامبەربوونە و بە کۆکردنەوەی 33 خاڵ، لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە دێت.

لە ریزەکانی یانەی زاخۆ بۆ ئەم یارییە، سەرجەم یاریزانەکانی ئامادەن و هیچ یاریزانێکیان پێکان و سزایان لەسەر نیە. بۆیە هەموو ئامانجیانە بۆ ئەوەی سێ خاڵی یارییەکە ببەنەوە.

یانەکەی دەلال یاریی قۆناغی یەکەم بەرامبەر رکابەرەکەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەبێ گۆڵ یەکسانبووە، بەڵام هەردوو یانە لەوەتەی ساڵی 2013 نەیانتوانیوە لە دێربی بادینان براوە بن، لەو کاتەوەش 4 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتری کردووە و هەموو یارییەکانیش بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە.

دواجار کە یانەیەک لە دێربی بادینان بردنەوەی بەدەستهێنابێت لە ساڵی 2013 بوو، ئەو کات زاخۆ لە گەڕی هەشتەمی خولی نایابی عێراق میوانداری دهۆکی کرد و یارییەکەشی بە تاکە گۆڵی رەجا رافع لە دهۆک بردەوە.

لەلایەکی دیکەوە یاریزانانی دهۆک دوای بردنەوە مێژووییەکی یاریی رابردوویان بەرامبەر قوە جەویە، ئامادەکاریان بۆ ئەم یارییە کردووە و هەموو ئامانجیان بردنەوەیە لە دێربی بادینان.

دهۆک دوایینجار کە دێربی بادینانی بەرامبەر زاخۆ رکابەرە مێژووییەکەی بردبێتەوە، ساڵی 2012 بوو، ئەو کاتە لە گەڕی 11ـی خولی نایابی عێراق توانیان بە ئەنجامی 2-1 لە یاریگای ئەو یانەیە بردنەوە بەدەستبهێنن.

بۆ ئەم یارییە لە ریزەکانی یانەی دهۆک مۆسس بەرگریکاری یانەی دهۆک، بەهۆی وەرگرتنی کارتە سوورەکەی یاریی رابردوو بەرامبەر قوە جەویە، بەشداری ئەو یارییە ناکات، هەروەها محەمەد مەعەن ئەو یاریزانەش بەهۆی پێکان ئامادەی یارییەکە نابێت.

دهۆک ئەم وەرزە لە کۆی 21 یاریی، خاوەنی 9 بردنەوە و 6 دۆڕان و 5 بەرامبەربونە و بە کۆکردنەوەی 32 خاڵ، لە پلەی شەشەمی ریزبەندی دێت و بە بردنەوەشیان لەم یارییە، پلەی سێیەمی ریزبەندی بە زاخۆی رکابەری چۆڵ دەکات.

ئاماری رووبەڕووبونەوەکانی زاخۆ و دهۆک
ئاماری رووبەڕووبونەوەکانی زاخۆ و دهۆک
یارییەکە بە کۆمێنتاری ڤەهێل کەلەش دەگوازینەوە
یارییەکە بە کۆمێنتاری ڤەهێل کەلەش دەگوازینەوە