فرانس پرێس: هەندێک لایەنی شیعە هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن

K24 - هەولێر

 ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی ڕاپۆرتێکی دەربارەی گرفت و ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی داوە، لە ژێر فشاری بەشێک لە لایەنە شیعەکان، حکوومەتی عێراق نەیتوانی  ئەو ڕێککەوتنەی لە سەر نەوت و بودجە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردبووی، جێبەجێ بکات. هەر بە کاریگەری ئەو لایەنانە دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێکی لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرد.

لە مانگی شوباتدا، دادگای باڵای فیدراڵی لە بەغدا، فەرمانی بە حکوومەتی فیدراڵی کرد، لەبری ئەوەی لە ڕێگەی ئیدارەی هەرێمەوە مووچە دابەش بکرێت، مووچەی کەرتی گشتیی لە کوردستان، بەشێوەی ڕێککەوتن، ڕاستەوخۆ خەرج بکات.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ئاداری ساڵی 2023، حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە دادگای پاریس سکاڵایەکی لە سەر نەوتی هەرێمی کوردستان لە دژی تورکیا بردەوە و بە بڕیاری دادگاکە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و بەندەری جەیهان ڕاگیرا، بەمەش سەرچاوەیە سەرەکیی داهاتی کوردستان وشک کرا.

دواتر هەولێر لەگەڵ بەغدا ڕێککەوت کە نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکات و لە بەرانبەردا حکوومەتی عێراق %12.6 لە بودجەی گشتی بە هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام لەلایەن عێراقەوە بوار بە جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەکە نەدرا.

پاشان حکوومەتی عێراق داوای تەواو داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیشی کرد.

لە درێژەی دژایەتییەکانیان بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، ڕێگەی دادگای فیدراڵیش گیرابەر و چەند بڕیارێک دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەرکران، لەوانە کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی، کە کورسیی کۆتای پێکهاتە نەتەوەکانی وەک تورکمان، کلدان، ئاشووریی و ئەرمەنەکان.

هەر دادگا بڕیاری لە دابەشکردنی پشکی کورسیی پارتە سیاسییەکاندا، لە نێویاندا 45 کورسی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و 21 کورسیش بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڵام پارتی وەک هەڵوێستێک بۆ پارێزگاری لە مافە یاساییەکانی پێکهاتە نەتەوەکان، بڕیاری بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیدا کە کاتێکدا بڕیاردراوە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە بچێت.

دادگای فیدراڵ بڕیارێکی دیکەی لە بارەی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان داو ڕایگەیاند، دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕێگەی تەوتین دابەش بکرێت.

پابەند نەبوونی حکوومەتی عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، ناکۆکییەکانی بەغدا و هەولێر گەیاندە لووتکە و هەربۆیە کاردانەوە و هەڵوێستی توندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتنەوە و لەلایەن کوردەکانیشەوە هەموو ئەوانە بە هەوڵێک بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی فیدراڵیی هەرێمەکەیان سەیرکراو بە تایبەتیش بە ئامانج گرتنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

لەمبارەوە ئیحسان شەممەری، چاودێری سیاسی لە زانکۆی بەغدا نایشارێتەوە و دەڵێت، "لە لایەن وەک مەرامێکی تۆڵە سەندنەوەی سیاسیی بەشێک لە هێزە شیعەکان هەوڵ بۆ لاوازکردنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەدەن."

شەممەری ئاماژەی داوە، ئەگەرچی بڕیارەکانی دادگا یاساییش بن، بەڵام سروشتێکی سیاسییان هەیە، چونکە گرژییەکانی ئەم دواییە نەک هەر پەیوەندیی هەولێر و بەغدا تێک دەدات، بەڵکو ئامانجی لاوازکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لەڕووی پێگەی سیاسییەوە".

هەر لە بارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژ بە هەرێمی سیاسیی و پێگەی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری پارتی دەڵێ، ئەو بڕیارانە سیستەمی سیاسیی ئێستای عێراق تێک دەدەن.

سەباح سوبحی کە پسپۆری یاساییە دەڵێت: هەندێک لایەنی سیاسی دەیانەوێت سیستمی فیدراڵی و لامەرکەزی بە حوکمێکی مەرکەزیی و پاوانخوازی دەسەڵات بگۆڕن، ئەمەش دۆخەکە خراپتر دەکات.