فەرەنسا.. چالاکییەك بە ئامانجی ناساندنی مێژوو و جینۆسایدی کورد بەڕێوەچوو

دووەمین رۆژی چالاکیی و بڕگەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی "ویکەندێک لە گەڵ وێ"
دووەمین رۆژی چالاکیی و بڕگەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی "ویکەندێک لە گەڵ وێ"

K24 – هەولێر:

‎لە شاری ئەلبی باشووری فرەنسا، دووەمین رۆژی چالاکیی و بڕگەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی "ویکەندێک لە گەڵ وێ" بەڕێوەچوو، کە ئەم چالاکییە بە ئامانجی ناساندنی مێژوو و جینۆسایدی کورد بە فەرەنسییەکان ساز کرابوو، کە هەر یەکە لە چنار سەعد عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەکتەبی دیراساتی پارتی و خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان گوتەیەکیان پێشکەشکرد.

ئەمڕۆ (6ـی نیسانی 2024) بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە ئەندام پەرلەمان و ئەکادیمیست و رۆشنبیران و چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی فەرەنسا، لە رۆژی دووەمیدا چالاکیی و بڕگەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی "ویکەندێک لە گەڵ وێ"دا. لە شاری ئەلبی باشووری فرەنسا،  بەردەوام بوو، کە بە ئامانجی ناساندنی مێژووی کورد و  جینۆسایدکردنیان و ناساندنیان بە فەرەنسییەکان سازکرابوو.

سەرەتا ناوەڕۆکی کتێبی "جینۆسایدێکی لەبیرکراو، دەنگی شکاوی گەلی کورد"،  لەلایەن رۆژنامەنووسی "بیاتریس دیلیس"ـی نووسەری کتێبەکەوە خرایەڕوو، تیایدا دووپاتی لەوەکردەوە،   کە نابێت جینۆسایدکردنی کورد لە رابردوودا لەبیر بکرێت و ، لەداهاتووشدا نابێت رێگە بە دووبارەبوونەوەی بدرێت.

دواتر نەزەد بەگیخانی، مامۆستای زانکۆی بریستول لە پاریس، توێژینەوەیەکی پێشکەش کرد، تیایدا باسی لە مێژووی جینۆسایدکردنی کوردی کرد و قۆناغەکانی ئەنفالکردنی گەلی کوردستانی لە باشووری کوردستانی خستەڕوو، هەروەها بە بەڵگە و دۆکێۆمێنتی مەیدانی، ئەو تاوانانەی خستەڕوو کە داعش دەرهەقی ژنانی ئێزیدی ئەنجامیداوون.

ناوبراو دووپاتی کردەوە، کە هەڵسوکەوت و رەفتاری چەکدارانی داعش لە دژی ژنان و کچانی ئێزیدی، هێشتا بەسەر قوربانییەکانەوە شوێنەواری خراپی هەرماوە، داوای لە گەل و حکومەتی فەرەنسا کرد لە یارمەتیدانی گەلی کوردستان بەردەوام بن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆی بریستول لە پاریس ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ هەموو ئەو دەنگانەیە کە پێیان وایە هێشتا کورد لەژێر هەڕەشەی جینۆسایدکردندایە.

گ

پاشان فیلمێکی دۆکێۆمێنتاری بەناوی "منی ئێزدی کراومەتە کۆیلە" کە بە زمانی ئینگلیزی و ژێرنووسی کوردی و فەرەنسی، نمایش کرا، کە تایبەت بوو بە مێژووی ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجامدراوە و، بەتایبەتی رەفتار و هەڵسوکەوتی چەکدارانی داعش دەرهەق بە کوردانی ئێزدی .

لەلایەکی دیکەوە ئەیوان ئامێدی  لە وتەیەکیدا  باسی لە رۆژانی ئەنفالی بادینانی کرد لە " گەرەگو" ناوچەی ئامێدی و پشتی سەرسەنگ، کە چۆن بەهۆی شاڵاوی ئەنفالەوە لەگەڵ باوک و دایکی دابڕاون، پاش سێ ساڵ لە کەمپی مێردین لەڕێگەی دکتۆر تیسۆ لە رێکخراوی فرانس لیبرتییەوە زانیوێتی باوک و دایکی وەکو پەناهەندە براونەتە فرەنسا و ئەمیش ناچاربووە بێتە فرەنسا، چیرۆکەکەی ئەیوان ئامێدی خۆیی و ئامادەبووانشی خستە گریان.

ح

هەروەها خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و  چنار سەعد عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەکتەبی دیراساتی پارتی وتەیان پێشکەشکرد، سەرەتا خانزاد ئەحمەد گوتی:" ئەوەی من لێرە باسی دەکەم، قسەی من نییە، بەڵکو پەیامی ئەوانە بۆ هەموو ئازادیخوازێکی جیهان. من چوومە گەرمیان، پاشان، هەڵەبجە و بالیسان و دواتر بارزان و سێمێل و شنگال. دانیشتووانی ئەم ناوچانە و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بەس لەبەر ئەوەی ویستوویانە جیاواز بن، رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە، لەو نێوانەشدا، ژنان و منداڵان زۆرترین زیانیان بینیوە ".

باسی لەوەشکرد، "رزگاربووان تا ئێستاش بەدەست ئازارەکانی ئەو جینۆسایدەوە دەناڵێنن، ئەوان داوایەکی زۆریان نییە، بەس دەیانەوێت دەوڵەتی عێراق داوای لێبوردنیان لێ بکات و وەک پێویست قەرەبوویان بکاتەوە، وابزانم ئەمە سەرەتاییترین مافی خێزان و کەسوکاری ئەو زیاتر لە 180،000 کەسەیە لە پرۆسەی ئەنفال و هێرشی داعشدا شەهید بوون. ئەوان داوای گەرەنتی لە دەوڵەتی عێراق دەکەن و داوا دەکەن بە ناسنامەی خۆیانەوە وەک کوردێک و کوردستانییەک لەسەر جۆگرافیای خۆیان بژین و خاوەنی دامەزراوە و دامودەزگای یاسایی و شەرعی خۆیان بن".

ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، گوتیشی: "تائێستاشی لەگەڵدا بێت، دەوڵەتی عێراق ئامادەنییە داوای لێبوردن لە کوردستانیان بکات و قەیران بە قەیران دەسپێرێت و ئامادەنییە هیچ ئاوڕێک لە رزگاربووان بداتەوە، ئێمە ئێستا کە لێرەین ئەوە بۆ ماوەی 10 ساڵە دەوڵەتی مەزهەبگەرای عێراق مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕێوە و لەو نێوەندەشدا رزگاربووانی جینۆساید و نەوەکانیان زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە، ئەو شێرەژنانە، سوپاسی گەل و دەوڵەتی فەرەنسا دەکەن بۆ ئەوەی وەک هەمیشە لەپاڵ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وەستاونەتەوە و پاڵپشت و هاریکار بوون. ئێمە کە ئێستا لێرەین، بەهۆی لەخۆبردوویی و بەرخۆدانی ئەو ژنانەوە لێرەین، ئەوان بوون کە پێش جینۆساید و لەکاتی جینۆساید و دوای جینۆساید بە یەکدەنگ پڕ بە گەروویان هاواریان کرد نا بۆ دیکتاتۆرییەت".

ژ

لەلایەن خۆیەوە چنار سەعد عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەکتەبی دیراساتی پارتی ئەو پرسیارەی ئاڕاستەی فەرەنسیەکان کرد کە ئایە، پێتان وانییە کە هێشتا کورد لە کوردستانی باشوور لەژێر هەڕەشەی جینۆسایدکردندایە، و رایگەیاند: جینۆسایدکردن تەنیا لەناوبردنی جەستە و ژیانی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی ناسنامەشە، کە تا ئەمڕۆ حکومەتی عێراقی نوێ لە بەغدا، تەعریبی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکات، کوردی کەرکووک، خانەقین و شەنگال و هتد، لەسەر خاکی خۆیان و باوباپیریان دەردەکات، تا ئێستا لەو ناوچە دابڕاوان.

بەرپرسی مەکتەبی دیراساتی پارتی، دەڵێت: ئەو جینۆسایدە بە شێوازی تر بەردەوامە، کە خۆی دەبینێتەوە لە رێگەی برسیکردنی تەواوی خەڵکی کوردستان و  و مووچەبڕینی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەوەش یەکێکە لە جۆرەکانی جینۆسایدکردن و لە ئابی 2014 شدا داعش کوردی جینۆساید کردەوە، هەربۆیە تکایە لەگەڵماندا بن بۆ ئەوەی جینۆساید دووبارە نەبێتەوە.

-