ئێران: دەستگیرکردنی تیرۆریستێک

K24 - هەولێر

بەرپرسانی ئەمنی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، دوێنێ شەممە، دەستگیرکردنی یەکێک لەو "تیرۆریستانە"ـی دەستی لە هێرشەکەی سەر هێزەکانی پۆلیس هەبوو لە شارۆچکەی کورین، ڕاگەیاند.

ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "تیرۆریستان هێرشیان کردە سەر دەوریەیەکی هێزەکانی پۆلیس لە شارۆچکەی کورین نزیک شاری زاهیدان، کە دوو کارمەندی پۆلیس کوژران و پۆلیسێکی دیکەش بریندار بوو".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەو تیرۆریستەی دەستگیر کراوە، لەکاتی پێکدادانەکەدا برینداربووە، گەڕان بەدوای ئەوانی دیکەش بەردەوامە".

ئاژانسی هەواڵی میهر، ڕایگەیاندووە، "دوو ئەفسەری پۆلیسی کورین لە شاری زاهیدان کوژران و کەسێکی دیکەش لە کاتی پێکدادانەکان لەگەڵ چەکدارەکان بریندار بووە".

دەشلێت: "دوو ئەفسەرە پۆلیسەکە هەوڵیان داوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و کۆتایی بە ئاژاوەگێڕییەک بهێنن، بەڵام ئەم تاوانبارانە دەستیان کردووە بە تەقەکردن و ئەفسەرەکانیان کوشتووە".

هاوکات ڕۆژی پێنج شەمەی ڕابردوو، لە هێرشێکی چەکداریی جەیشولعەدل بۆ سەر چەند بنکە و بارەگایەکی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شارۆچکەکانی ڕاسک و چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، 16 ئەندامی هێزەکانی ئێران کوژران کە 12یان سەر بە سوپای پاسدارانن. هەروەها 18 چەکداری جەیشولعەدلیش کوژران.