هەولێر بارودۆخی باش نییە

یانەی وەرزشی هەولێر
یانەی وەرزشی هەولێر

یانەی هەولێر دوای دۆڕانێک و سێ یەکسانبوونی لەسەر یەک، ئەمجارەیان بە هیوای گەیشتنەوە بە سەرکەوتن، رووبەڕووی یانەی قاسم خاوەنی پلەکانی کۆتایی ریزبەندی بووەوە، بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو تووشی دۆڕانێکی دیکە بوو.

یانەکەی قەڵا و منارە بەهۆی سزادانیەوە، ناچار بوو بەغدا هەڵبژێرێت بۆ میوانداری کردنی یانەی قاسم، بەو هیوایەی لەو یارییە بتوانن بردنەوە بەدەستبهێنن و لە دوورەوە لەگەڵ هاندەرەکانیان ئاشت ببنەوە.

دوای تێپەڕبوونی 29 خولەک بەسەر یارییەکە، یاریزانانی میوان خۆیان گەیاندە گۆڵی یانەی هەولێر و عەلا موحسین توانی تاکە گۆڵی یارییەکە لە بەرژەوەندی یانەی قاسم تۆمار بکات. دوای ئەم گۆڵە زەردپۆشەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆریاندا بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان بێ سوود بوون و نیوەی یەکەم بە شکست گەڕانەوە ژووری جل گۆڕین.

نیوەی دووەم تەنها یەک خولەکی بەسەر چوو، کاتێک ناوبژیوانی یارییەکە ئاکام هاشم بەرگریکاری یانەی هەولێری بە کارتی سوور لە یارییەکە دەرکرد و کێشەکانی یانەکەشی زیاتر کرد. هەرچەندە ناوبژیوان لە خولەکی 59 یاریزانێکی لە تیپی بەرامبەریش بە کارتی سوور دەکرد، بەڵام هەولێریەکان نەیتوانی لە شکست رزگار بن و لە کۆتاییدا قاسم یارییەکەی بە ئەنجامی 1-0 بردەوە.

بەم شێوەیە یانەی هەولێر تووشی هەشتەم دۆڕانی ئەم وەرزە بوو و بە 23 خاڵیش لە پلەی 14ـی ریزبەندی مانەوە و جیاوازی خاڵەکانیشیان لەگەڵ ناوچەی دابەزین، تەنها 7 خاڵە. بڕیاریشە هەولێر رۆژی شەممەی داهاتوو لە گەڕی 22 خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی کارەبا ببێتەوە.

ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق
ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق
حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری یانەی هەولێر
حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری یانەی هەولێر