بانکی بەغداد بەشداری لە پڕۆژەی "ھەژماری من" دەکات

هەژماری من
هەژماری من

K24 - هەولێر

بانکی بەغداد دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی کە بەشداری لە پرۆژەی "هەژماری من" دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-04-2024، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، دوای ڕەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراق (CBI)، بانکی بەغداد دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی کە بەشداری لە پرۆژەی "هەژماری من" دەکات.

وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، بەشداریکردنی بانکی بەغداد دەبێتە هۆی فراوانکردنی مەودای خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان کە پێشکەش دەکرێن، ئەمەش ئاسانکاری بۆ خەڵکی کوردستان دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە قەرز و خەرجیی تایبەت. وەک یەکێک لەو بانکانەی کە زۆرترین لقی هەیە؛ بانکی بەغداد 6 لقی هەیە لە هەرێمی کوردستان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییی ئەم مانگەدا، بانکی زیاتر بەشداری بکەن، ئەمەش بژاردەی بانکیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات و خزمەتگوزارییە داراییەکان بە شێوەیەکی گشتی فراوانتر دەکات. هاوبەشییە بەهێزەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سەرجەم بانکە بەشداربووەکان بووەتە هۆی دروستکردنی زیاتر لە 200 هەزار هەژماری بانکی بۆ بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی.

کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی "هەژماری من" بەردەوامە و دوایین ئامارەکانیش ئاشکرای دەکەن؛ تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە پڕۆژەکە تۆمارکراون گەیشتووەتە 260 هەزار فەرمانبەر و زیاتر لە 150 هەزار کارتی بانکیش دراوەتەوە فەرمانبەران.

بە گوێرەی ئامارەکانی پڕۆژەی "هەژماری من"، تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پڕۆژەکە گەیشتووەتە 260 هەزار فەرمانبەر و 153 هەزار کارتی بانکیش دراوەتەوە فەرمانبەران.

دوای تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پارێزگای هەولێر مانگێکە پرۆسەکە لە سلێمانی دەستیپێکردووە. سەبارەت بە دانانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە ATM، بڕیارە تاکوو کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی 1000 ئامێر کە سەرجەم پارێزگا و ناحیە و قەزاکانی کوردستان جێگیر بکرێت بۆ ئەوەی مووچەخۆران بە ئاسانترین شێوە دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

لە ئێستادا، ساڵێکە وەک دەستپێک فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر، مووچەکانیان لە رێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن. لەکۆتایی ساڵی رابردووەش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین مووچەکانیان لەرێگەی هەژماری منەوە وەرگرتووە.

پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی و پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.

پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی و پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەش کەرتی بانکیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە هەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.

هەژماری من دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.