نێچیرڤان بارزانی: ڕێککەوتنی مەسرور بارزانی و سوودانی لەبارەی مووچە، دەستپێکێکی زۆر باشە

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و و سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و و سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، رێککەوتنی مەسرور بارزانی و سوودانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان "دەستپێکێکی زۆر باشە و هیوادارم بەردەوام بێت". دەشڵێت، "هیچ گۆڕینێک لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە."

لە ئێوارەی دوێنێ شەممەوە، 06-04-2024، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە. تاوەکو ئێستا لەگەڵ لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هەماهەنگی و ژمارەیەک لە حزب و لایەنی دیکەی سیاسیی عێراق کۆبووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-04-2024، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "کۆبوونەوەکەنمان بە شێوەیەکی گشتی لە چوارچێوەی ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بوون. هەوڵمان دا میکانیزمێک دابنێین بۆ ئەوەی بەردەوام بین لەم کۆبوونەوانە. بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی ئێستا هەن، لە ئەنجوومەنێکدا بە میکانیزمێک باس بکەین و چارەیان بکەین".

نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەران کراوە، "دەستپێکێکی زۆر باشە. ئێمە هیوادارین (ڕێککەوتنەکە) بەردەوام بێت".

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "وەکو بەرپرسیارییەتی خۆم، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانم دیاری کردووە، تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕینێک (لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەدا) نییە. هەڵبەتە ئەمە بابەتێکی سیاسییە، دەبێت هەموو هێزەکان قسەی لەسەر بکەن و بە هەرحاڵ لە ئەنجامدا دەبێت بە لێکگەیشتن لەم بابەتەدا دەربچین".

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی ئەو پرسەیان کردووە، "وەکو هەرێمی کوردستان پێمانوایە دەبێت دەست بە هەناردەکردنەوی نەوت بکەینەوە، چونکە ئەم بابەتە (ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت) زەرەرێکی زۆری بە عێراق و هەرێمی کوردستانی گەیاندووە".

بە گوتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، "زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار زیان بە بودجەی عێراق کەوتووە. پێویستە تیمی زیاتر لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ ئەوەی تاوتوێی ئەم پرسە بکەن و هیودارین بگەینە ئەنجام".