حەمید قەڵادزەیی: یەکێتی بووە هۆکاری بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا

حەمید قەڵادزەیی، کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان
حەمید قەڵادزەیی، کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، یەکێتی دوو ساڵ ھۆکار بوو بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەرێوەنەچێت. سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانیش ھۆکاری دواخستنی ھەڵبژاردن دەخاتە ئەستۆی یەکێتی.

لە پاڵ ھەوڵە یاساییەکان رێگرییە سیاسیەکانیش ھۆکاری دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن، یەکێتی نیشتمانی كوردستان پێش بڕیارە نادەستوورییەکانی دادگای فیدراڵی دوو ساڵ رێگری لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد، هەروەها پێداگری یەکێتی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن گومانی لای زۆربەی لایەنە سیاسییەکان دروستکردووە.

حەمید قەڵادزەیی، کارگێڕی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەندێک لایەن بە دیزاینێکی پێشوەختە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، تا لوغمەکان پوچەڵ نەکرێنەوە پارتی بەشداری لە ھەڵبژاردن ناکات.

پێداگری پارتی لە چارەسەری کێشەکانی بەردەم ھەڵبژاردن ھیوایەکی خستووەتە دڵی پێکھاتەکانەوە، دەیانەوێت کورسییەکانیان بۆ بگەڕێتەوە و چاویان لە ئەنجامی گفتوگۆکانە.

لەلایەن خۆیەوە محەممەد سەعدەدین، سکترتێری پارتی گەشەپێدانی تورکمانی بە کوردستان24ـی گوت: یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بووە هۆکاری ئەوەی کە هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەنەچێت، هەورەها ئەو سکاڵایەی کە لە دادگای فیدراڵی تۆماریان کرد بووە هۆکاری دروستبوونی گرفت بۆ کورسی کۆتاکان.