ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر کۆنتڕۆڵکرا

دیمەنێکی بازاڕی لەنگەی هەولێر دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە (وێنە: كوردستان24)
دیمەنێکی بازاڕی لەنگەی هەولێر دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە (وێنە: كوردستان24)

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر رادەگەیەنێت و دەڵێت، "هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە". 

ئەمڕۆ دووشەممە، 08-04-2024، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، "17 تیمی بەرگریی شارستانی توانییان ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر کۆنتڕۆڵ بکەن و ئێستا لە قۆناغی سارکردنەوەداین". گوتیشی، "ئاگرەکە توانای تەشەسەندن و پەڕینەوەی نەماوە".

ئاگرەکە، وەکو ئەوەی میراودەولی باسی کرد، "بە دوو قۆناغ کەوتووەتەوە؛ کاتژمێر 06:43 خولەکی بەیانی پەیوەندی بە ژووری کۆنتڕۆڵی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کرا کە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتووەتەوە، تیمەکانمان هاتن و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد، بەڵام کاتژمێر 07:47ـی خولەکی بەیانی، جارێکی دیکە ئاگرەکە کەوتەوە و جارێکی دیکە توانیمان کۆنترۆڵی بکەین".

لەبارەی ئەوەی "هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە چی بووە و چەند دووکان سووتاون؟" کاروان میراودەلی گوتی، "تاوەکو ئێستا نازانین ئاگرەکە بەهۆی چییەوە کەوتووەتەوە و جارێ بۆمان رووننەبووەتەوە چەند دووکان سووتاون. دواتر وردەکارییەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین".

ئەمە دووەم جارە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر دەکەوێتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "بەداخەوە ئاگرەکەی ئەمجارە بەرفراونتر بوو و لە دوو قۆناغی جیاوازدا کەوتووەتەوە".

یەکێک لەو دووکاندارانەی قسەی بۆ شەیما باییز، پەیامنێری کوردستان24 کرد، گوتی، "نزیکەی کاتژمێر 07:00ـی بەیانی لە کەوتنەوەی ئاگرەکە کۆنتڕۆكراوینەتەوە. نزیکەی 50 دووکان سووتاون کە زۆرینەیان کەلوپەلی ناوماڵ و جلوبەرگی پیاوان و ئافرەتانی تێدابوون".

دووکاندارێکی دیکەی بازاڕەکە ئاماژەی بەوە کرد، "پێنج ساڵە دووکانی بەرگدووریم لەنێو بازاڕی لەنگەی هەولێر هەبوو. بەیانیی ئەمڕۆ لە کەوتنەوەی ئاگرەکە ئاگادار کرامەوە. بەداخەوە هیچی لێ دەرنەچووە و هەموو شتێکی نێو دووکانەکەم سووتاوە".

بەشێکی دیکەی دووکانداران ئەوەیان خستەڕوو، گومانیان لە کەوتنەوەی ئاگرەکە هەیە، چونکە ئەوە جاری دووەمە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا ئاگرەکە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر دەکەوێتەوە. ئاماژەیان بەوەش کرد، "هەموو دووکاندارەکان بایی ملیۆنان دینار شتومەکیان کڕیبوو، لەبەر ئەوەی جەژن نزیکبووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ هەموویان لەدەستدا".

کەمتر لە دوو مانگ پێش ئێستا، رۆژی 27ـی شوباتی 2024، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر كەوتەوە و 166 دووكانی كاسبكاران سووتان و رووداوەكە بەبێ زیانی گیانی کۆنترۆڵکرا. پێشتر نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، هۆکاری سووتانی بازاڕەکە کارکردنی چەند کرێکارێک بووە لە یەکێک لە دووکانەکان.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ئاماژەی بەوەش دا، "بە گوێرەی لێکۆڵێنەوەکان دەرکەوتووە رووداوەکە بە دەستی ئەنقەست نەبووە، رووداوێکی سرووشتی بووە هەرچەندە کەمتەرخەمی لەلایەن هەندێک کەس هەبووە. لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن و تا ئێستا دوو کەس دەستگیرکراون".

شەش ساڵیش پێش ئێستا، بەرەبەیانی رۆژی 25-10-2024، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی ھەولێر كەوتەوە و نزیکەی 2400 دووکانی کاسبکاران سووتان. دوای رووداوەكە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا ھاوكاری دووكاندار و كاسبكارانی ئەو بازاڕە بكات.