گوتەبێژی بەرگری شارستانی: لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و قەبارەی زیانەکان دەکەین

گوتەبێژی بەرگری شارستانی: بە داخەوە دوکاندارەکان پابەندنین کەلوپەلەکانیان نابەنە ژوورەوە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی ڕایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پێکدەهێنرێت بۆ ئاشكراکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و قەبارەی زیانە ماددییەکان.

میراودەلی گوتیشی: تیمەکانی بەرگری شارستانی بە هاوکاری تیمەکانی شارەوانیی و فەرمانگەکانی دیکەی حکوومەت و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی خۆبەخش توانرا کۆنترۆڵی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە بکرێت، هەرچەندە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام  زیانێکی زۆری ماددەی لێکەوتووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری دوکان سووتاون، لە بیریشی نەکەین بە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە توانراوە بەشێکی زۆری بازاڕەکە لە سووتان بپارێزرێت.

هەروەها ئاماژەیدا، کاتەکە هاوکارێکی باش بوو بۆ ئەوەی بە خێرایی بتوانین ئاگرەکە بکوژێنینەوە و ئێستا قۆناغی سارد کردنەوەی شوێنە سووتاوەکان دەکرێت و هیچ مەترسییەکی سەرهەڵدانەوەی ئاگر نەماوە، ئەو مەترسییەشی هەیە رێژەکەی %2ـە ئەویش ئەو توکەڵ و گازی کەلوپەلە سووتاوەکانە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی گوتی: بە داخەوە زەرەر و زیانێکی زۆری ماددەی هەیە و ژمارەیەکی زۆری دوکان سووتاون، بەڵام بە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە توانراوە بەشێکی زۆری بازاڕەکە لە سووتان بپارێزرێت، بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و زیانە ماددیەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان و بەرگری شارستانیی هەولێر لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنرێت.

هەروەها رەخنەی لە دوکاندارەکانی بازاڕکەش گرت و گوتی: بە داخەوە دوکاندارەکان پابەندی ڕێنماییەکانی کۆکردنەوە و بردنە ژوورەوەی کەلوپەلەکانیان نین لە بەردەم دوکانەکانیان.

ئەمە سێیەمجارە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر دەکەوێتەوە، یەکەمجار لە بەرەبەیانی (25ی تشرینی یەکەمی 2018) ئاگرێکی فراوان لە بازاڕەکە کەوتەوە و سەرجەم دوکانەکانی بازاڕەکە سووتان کە ژمارەیان 2400 دوکان بوو.

 دووەمجاریش ئێوارەی سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) ئاگر لە بازاڕی لەنگە کەوتەوەو بەهۆیەوە 166 دوکان سووتان و دوو کەسیش بە تۆمەتی ئاگرکەوتنەوەکە دەستگیرکران.