شیعەکان ڕای جیاوازیان سەبارەت بە سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن هەیە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

شیعەکان سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن ڕای جیاوازیان هەیە. بەشێکیان لە بەهای سەردانەکە کەمدەکەنەوە. بەشێکی دیکەشیان پشتیوانی سەردانەکەی سوودانی دەکەن. یەکێک لە تەوەرەکانی سەردانەکەش دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە.

کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە بۆ سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی و کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا. لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەردانەکەش ناکۆکیی لە نێوان سەرکردە شیعەکان سەبارەت بە ئەجێندا و دەرئەنجامە پێشبینکراوەکانی ئەو سەردانە دروستبووە.

بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کار بۆ سەرخستنی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا دەکەن، لە کاتێکدا بەشێکی دیکەیان پێیانوایە چوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی لە زیادەیە، چونکە حکوومەتی عێراق زیاتر دەخاتە سەر ژێر هەژموونی ئەمەریکاوە.

لەو بارەیەوە سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە، سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا تەڵەیە، چونکە هیچ کارتێکی گووشاری لە بەردەست نییە، سەردانەکەشی جگە لە پرۆتۆکۆلی هیچی دیکە نابێت.

لەلایەکی دیکەوە مەحموود مەرعی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رەشبینی خۆی لە دەرئەنجامی سەردانەکەی سوودانی بۆ کۆشکی سپی نەشاردەوە و ئاماژەی بەوەدا، "لە رێککەوتنی ستراتیژیدا ئەمریکا تەنها ئەو خاڵانە جێ بەجێ دەکات کە لەبەرژوەندی خۆیان، هاوکاریکردنی کەرتی بانکی عێراقیش تەنها پڕوپاگەندەی میدیایە".

چوارچێوەی هەماهەنگی پێش سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە؛ کارنامەی سەردانەکە و ئەندامانی شاندەکەیان تاوتوێکرد. چاوەڕوان دەکرێت یەکێک لەو تەوەرەکانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ خۆی بیباتە ئەمەریکا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بێت. لەم روانگەیەشەوە نوێنەری هەرێمی کوردستان لە شاندەکە بەشداردەبێت.

شیعەکان وەک زۆرینەی پرسەکانی دیکە ئەم سەردانەی سوودانیش دابەشیکردن، وەلائییەکانی نزیک لە ئێران هەمووی هەوڵی خۆیان بۆ بێ نرخکردنی سەردانەکە خستووەتگەڕ، لەبەرامبەر رەوتێکی دیکەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت ئەم سەردانەی سوودانی دەستکەوتی باشی هەبێت،  بەو پێیەی ناوبراو کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە، شکستی ئەم سەردانە یەکسانە بە شکستی چوارچێوەی هەماهەنگی.