10 کۆچبەری نایاسایی لە سەیدسادق دەستگیرکران

K24 - هەولێر

مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بەبەشی پۆلیسی سەیدسادق، 10 کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە دەست هێزەکانی پۆلیس کە 10 کۆچبەری نایاسایی بەڕەگەز ئەفغانی هاتونەتە سنووری قەزای سەیدسادق، لەهەڵمەتێکدا مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بەبەشی پۆلیسی سەیدسادق توانیان سەرجەمیان دەستگیر بکەن.

لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا کۆچبەرەکان دانیان بەوەدانا کە بەنایاسایی لە ئێرانەوە هاتونەتە هەرێمی کوردستان و بەنیاز بوون بچنە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەو بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 39 لەیاسای نشینگە ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.