لافاو چەند ناوچەیەکی ڕووسیا دەگرێتەوە

K24 - هەولێر

حکوومەتی ڕووسیا بڵاویکردووەتەوە، لافاو لە چەند ناوچەیەکی ڕووسیا زیانی بە زیاتر لە 10 هەزار خانوو گەیاندووە و بەهۆی مەترسییەکانەوە ناچاربوون دانیشتوانی چەند شارێک ڕاگوێزن.

بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی، وەزارەتی فریاکەوتنی ڕووسیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە لە ناوچەکانی سیبیریا و ڤۆلگا و ناوچەکانی سەنتەری ڕووسیای فیدراڵ پێشبینی دەکات بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، توانەوەی بەفر و سەهۆڵەکان خێراتر بوون و کاریگەرییان کردووەتە سەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان و بەهۆیەوە زیاتر لە 10 هەزار 400 خانووی هاوڵاتییان ژێر ئاو کەوتوون.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی شارەوانی ئۆرینگبۆرگ ڕایگەیاندووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووباری ئۆڕاڵ دۆخی شارەکە خراپە و هێزەکانی پۆلیس هاوکاریی هاووڵاتییان دەکەن بۆ ئەوەی لە مەترسییەکانی لافا ڕزگاریان بکەن و بەرەو ناوچەیەکی پارێزراو ڕایانگوێزن.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری 27 شارەوانی ڕووسیا لافاو هەڵساوە.