بزووتنەوەی ئیسلامی: نابینە بەشێک لە ئاڵۆزییەکان و بەشداریمان لە هەڵبژاردن ڕاگرتووە

لۆگۆی بزووتنەوەی ئیسلامی
لۆگۆی بزووتنەوەی ئیسلامی

K24 – هەولێر:

بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، چاوەڕێی قۆناغێکی نوێین کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و تەوافقی سیاسی تێدا بکرێت و جەختی کردووەتەوە کە نابنە بەشێک لەو ئاڵۆزییانە.

ڕۆژی دووشەممە (8ـی نیسانی 2024) دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ئاماژەی بەوەکردووە: "ئێمە لە 31/3/2024 تاوەکو کاتژمێر دوانزەی شەو لەبەردەم کۆمیسیۆن ئامادەبووین بە لیستی کاندیدەکانەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو تەوافقە سیاسییە نەکرا لە کوردستان، لای خۆمانەوە ڕامان گرتووە".

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیدا هاتووە: "چاوەڕێی قۆناغێکی نوێین کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و تەوافقی سیاسی تێدا بکرێت و سەرجەم لایەنەکان بسازێن".

هەروەها بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاندووە: "نابینە بەشێک لەو ئاڵۆزییانە"، لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووەتەوە.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە ڕۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریاندە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.