گەشتوگوزاری هەولێر: بەهۆی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران 800 ملیۆن دینار لە قەرزی کەڵەکەبووی هاووڵاتییان خۆش بووین

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر ڕایگەیاند، ئێمە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران. لە 20% ـی قەرزی کەڵەبووی ئەو لایەنانە خۆش بووین کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەت دەکەن.

دلێر محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی 27-3-2024، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک موژدەی خۆشی بۆ هاووڵاتیان ڕاگەیاند، بۆیە ئێمە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران. لە 20% لەقەرزی کەڵەبووی ئەو لایەنانە خۆش بووین کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەت دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، من دەمەوێت خەڵک پرسیار لە خۆی بکات ئەگەر بێت و کابینەی نۆیەم لەناو ئەو هەموو قەیرانە سەری هەڵنەدابوایە، دەبوو ئیستا تا چ ئاستێ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکردایە؟. بۆیە کەمکردنەوەی ئەو ڕێژەی 20%ـە سوودێکی دیکەی ئەوەیە، کە خەڵکانێکی بەکاربەر سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن، ئەوە شتومەک لەو شوێنانە هەرزان دەبێت، چونکە کەمکردنەوەی ڕێژەکە کاریگەری دەبێت.

دلێر باسی لەوەش کرد، لێخۆشبوونی حکوومەت لەو کەسانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ حکوومەتە، لەماوەی ساڵێک دەگاتە 800 ملیۆن دینار،  هەروەها ئەو کەسانە سوودمەند دەبن لە پێدانی پارەی ئاو، کارەبا، خۆڵ و خاشاک، چونکە ئەو خزمەتگوزارییانە بەکار دەهێنن.

دەشڵێت: دوای بریارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر زوو وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، دەبێت هەموو ڕێکارەکانی ئەو لێخۆشبوونە پێش گەیشتن بە پشووەکان تەواو بێت. واتە ئێمە لەدوای پشووەکان ڕاستەوخۆ بڕیارەکە جێ بەجێ دەکەین.