دوای 21 ساڵ له ئازادكردنی عێراق، هاووڵاتییان له دۆخی ئێستای وڵاتهكهیان ناڕازین
K24 – بهغدا:
لە ساڵیادی ئازاديی عێراق لە دەستی ڕژێمی بەعس، هاووڵاتیانی بەغدا، ڕایان وایە بارودۆخی عێراق خراپتر بووە و دۆخی ئەمنی ناسەقامگیرە، ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کەمه و ڕێژەی هەژاری زیادی کردووە؛ چاودێرێکی سیاسی شیعە دەڵێت، گەندەڵی و پشکپشکێنەی حزبی و شەڕی دەسەڵات، ژێرخانی ئابووریی عێراقی داڕووخاندووە.
ئهمڕۆ (سێشهممه 9ـی نیسانی 2024)، 21 ساڵ بهسهر ئازادیی عێراقدا له لایهن ئهمهریكا و هاوپەیمانەکانییەوە تێپهڕ دهبێت، بهڵام عێراقییهكان له دۆخی ئێستای وڵاتهكهیان ناڕازین و هاووڵاتیانی بەغدا، ڕایان وایە عێراق خراپتر بووە و دۆخی ئەمنی ناسەقامگیرە، ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کەمه و ڕێژەی هەژاری زیادی کردووە.
شەقامی ڕەشیدە لە بەغدا لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی 2003 شەڕێکی خوێناوی تێدا قەوما، پاش 21 لە ڕووخانی سەددام حوسێن، زۆرینەی کاسبکار و دەستگێڕەکانی نێو ئەم شەقامه هێشتا هەر هەمان کاری پێشویان دەکەن و ژیان و گوزەرانیان وەک خۆی وایە. قاسم سلێمان 35 ساڵە لەم شەقامە کاسبیی دەکات و دەڵێ عێراقی نوێ هیچی پێ نەبەخشیوە و هەژاری و نەداری بەرۆکیان بەرنادات.
قاسم سلێمان به كوردستان24ـی ڕاگهیاند، پێش ساڵی 2003 شهقامهكه ئەوهنده ئەمان بوو، خهڵك دهیانتوانی لهسهر شهقامهكه بخهون؛ بەڵام ئێستا عێراق هیچ شتێکی لە شوێنی خۆی نەماوە. شەقامەکان پڕ بوونە لە دز. کوشتن زۆر بووە و حکوومەت نییە. قێز لە مرۆڤبوونی خۆت دەکەیتەوە، خەڵک هەمووی هەژار و بێ پارەیە خزمەتگوزای نییە و "بهنگلادیشییەکان ژیانیان لە ئێمە خۆشترە."
ڕووخانی ڕژێمی بەعس وەرچەخانێکی مێژوویی بوو بۆ عێراق، هاووڵاتیان چاویان لە حوکمڕانێک بوو کە دوور لە زوڵم و کوشتار، مافەکانیان فەراهەم بکات، بەڵام گەندەڵی و پشکپشکێنەی حزبی و دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی ڕێک پێچەوانەی خواستی عێراقیەکان بوو، هەر بۆیە ناسەقامگیریی ئەمنی و شەڕی مەزهەبی و نەبوونی خزمەتگوزاری ڕێژەی هەژاری زیاتر کردووه،
ئەیسەر حەسون شرۆڤەکاری سیاسی، لهو بارهیهوه تایبهت به كوردستان24 ڕایگهیاند، لە ماوەی ئەم 20 ساڵەدا، کەمترین خزمەتگوزاری پێشکەش کراوە، ژێرخانی ئابووری داڕووخاوە، لایەنە سیاسییەکان تهنیا بیریان لای خۆیان و حزبەکانیانە، شەڕی دەسەڵات دەکەن، حکوومەتەکان گەندەڵ بوون، بۆیە عێراق بەم دۆخە گەیشتووە.