ئومێد خۆشناو: بەزووترین کات دەستبەچاکردنەوەی دوکانەکانی بازاڕی لەنگە دەکریت

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە دوای جەژن هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە دەخرێتە ڕوو، هەروەها بەزووترین کات دەستبەچاکردنەوەی دووکانەکانی بازاڕی لەنگە دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای گفتۆگۆ لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، بەشێک لە داخوازییەکان و داواکارییەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بووە. و هیوادارین هاووڵاتییانی کوردستان ڕۆژانی جەژن بە ئارامی بەڕێوەبەرن.

ئەو گوتی، "داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەم بەتایبەت خەڵکی هەولێر، لە چوونەدەرەوەیان بۆ سەیران و گەشت، ژینگەی هەرێمی کوردستان بپارێزن. ژینگە پارێزی بەشێکە لە ئیمان، ئەخلاق و بەها مرۆییەکان."

ئەو گوتیشی: "ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی کە ڕوودەدات، لە بازاڕێکی میلی وەکو لەنگەی شاری هەولێر، لە ساڵانی ڕابردووشدا ئەو ڕووداوە هەبووە. بەڵام بۆ ئەم ڕووداوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو بە گومانین، چونکە ڕووداوەکانی دیکە هۆکارەکەی دیار بوو، بەڵام ئەوەی دووڕۆژی ڕابردوو، لێژنە پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون لەو ڕووداوەکە و چۆنییەتی ڕووداوەکە. کامێراکانی چاودێری زۆر شت دەردەخەن، دوای تەواو بوونی جەژنی ڕەمەزان لیژنەی لێکۆڵینەوە دەرئەنجامی هەموو ئەو بابەتانەی کە بوونەتە هۆکار بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنێت."

ئومێد خۆشناو گوتیشی: "ئێمە لەنیگەرانی کاسبکارانی بازاڕی لەنگە تێدەگەین، ئێمەش نیگەرانین و وەکو ئەوان گومانمان لەم ئاگرکەوتنەوەی ئەم دووڕۆژەی ڕابردوو هەیە. بابەتەکەش هەر جۆرێک بێت بۆ ڕای گشتی دەخرێتە ڕوو. بەڵام بە زووترین کات دەستبەچاکردنەوەی شوێنەکە دەکرێت، هەموو سەرنج و تێبینییەک لەلایەن ئەو کاسبکارانەی بازاڕی لەنگە هەیە بەهەند وەردەگیرێت."

ڕۆژی دووشەممە، 08-04-2024، ئاگر لە بازاڕی میلی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، تێیدا گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر راگەیاند، "17 تیمی بەرگریی شارستانیی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیانداوە توانیویانە بەماوەی کاتژمێرێک ئحاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.