زەیتۆ تۆفیق: باشترین کەس بۆ منداڵ دایک و باوکە

زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر
زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر ڕایگەیاند، هەموو جەژنێک وەک نەریتێک خواردنی جەژن بۆ مندالانی بێ سەرپەرشت ئامادە دەکرێت و جەژنانەیان لەگەڵ دەکرێت و پێدەدرێت. بەلام باشترین کەس بۆ منداڵ دایک و باوکییەتی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەموو ساڵێک لە مەراسیمی جەژندا وەکو ماڵێکی ئاسایی، خواردنی جەژن وەکو نەریتێک ساڵانە ئامادە دەکەین و جەژنانە لەگەڵ ئەو منداڵە بێ سەرپەرشتانانە دەکەین و جەژنانەیان پێدەدەین.

بەگوتەی ئەو، "پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ساڵانە وەکو نەریتێک بەیانی جەژن وەکو نەریتێک سەردانمان دەکەن و خواردن لەگەڵ منداڵانی بێ سەرپەرشت دەخۆن، دوای هەموو ئەمانە منداڵەکان پێشوازی لە میوانەکان دەکەن و کۆمەێڵک کەس هەن سەردانی خانەکان دەکەن و کەسانی مرۆڤ دۆستیش دێن بۆ سەردانەکردنی ئەم منداڵانە."

زەیتۆ تۆفیق دەڵێت: "ئێمە هەموو ئامانجمان ئەوەیە هەموو منداڵێک لەناو خانەوادەی خۆیدا بژی، چونکە باشترین کەس بۆ منداڵ دایک و باوکییەتی، هەربۆیە من لای خۆمەوە پەیامێک دەنێرم بۆ دایک و باوکان، ئەوکاتەی گرفتێکیان دەبێت منداڵەکان نەبێت بە بەشێک لە گرفتەکانیان، چونکە منداڵ پێویستی بە خێزان هەیە. ئێمە هەوڵمانداوە وەکو خێزانێکی جێگرەوە هاوکاری منداڵەکان بکەین، ئەوەی پێویست بێت و ولەتواناماندا هەبێت بۆمان کردوون، بەڵام خێزان باشترین شوێنە بۆ منداڵ."

ڕاشیگەیاند، ئەو منداڵانەی کە خانەوادەیان هەیە بۆ نموونە؛ ماڵی مامی، پوور، خاڵی هەیە زۆربەی زۆری ئەو منداڵانە دەگەڕێنەوە جەژن لەگەڵ ئەوان دەکەن، ئێمە لە خانەکە 80 منداڵمان لاهەیە، بەڵام ئێستە ئەو ژمارە هەمووی لێرە نییە، چونکە زۆربەیان گەڕاونەتەوە، و ئێمە پێمان خۆشە بەردەوام ئەو منداڵانە تێکەڵاوییان هەبێت لەگەڵ ئەو خانەوادانە، ئەوەی دێت بۆ سەردانیکردنیان ئێمە دەرگامان بۆیان کراوەتەوە.