عەممار حەکیم: پرۆسەی سیاسیی عێراق پێویستی بە ڕیکخستنەوەیە

عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی
عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی

K24 - هەولێر

عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێ: عێراق پێویستی بە چاکسازییەکی ڕیشەیی سیاسی، ئابووری و یاسادانان هەیە کە لەگەڵ پایەکانی وڵاتێکی فیدراڵ و بنەماکانی دەستوور بگونجێت.

عەمار حەکیم لە گوتارێکدا بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە ڕەخنەی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق گرت و رایگەیاند، کۆمەڵێک هەڵەی زۆری تێداکراوە و پێویستیان بە ڕێکخستنەوە و ڕاست کردنەوەیە، بەڵام پێویستە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کۆبوونەوەی فراوان بکەن بۆ دەست نیشان کردنی هەڵەکان و میکانیزم و هەنگاوەکانی چارە کردنیان.

ڕاشیگەیاند، جەژنی ڕەمەزان هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەڵام لەدوای ڕووخاندنی بەعسەوە پرۆسەی سیاسیی عێراق بە کۆمەڵێک ئاڵنگاریی زۆردا تێپەڕیوە و کۆمەڵێک هەڵەی سیاسیی کراون، بەڵام بۆ بەردەوام بوون لە کاری هاوبەش و پێکەوەیی لە پێناو پاراستنی ئەم سەقامگیرییەی ئێستا هەیە و دوور کەوتنەوە لە ناکۆی سیاسی، داوادەکەم سەرجەم سەرکردە باڵاکان کۆبوونەوەی فراوان بکەن و کۆمەڵێک بڕیاربدەن تا ئەو کێشانەی هەن چارە بکرێن.

هەروەها ڕایگەیاند، عێراق پێویستی بە چاکسازیی قوڵ و ڕیشەیی هەیە لە بواری یاسادانان و ئابووریدا، ئەو چاکسازییەش لە هەناوی ئەزموونی سیاسییەوە دەبێت و نابێت بگەڕێننەوە خاڵی سەرەتا، بۆیە گرنگە ئەو چاکسازییانەی دەکرێن هەماهەنگ بن لەگەڵ سیستمی دەوڵەتێکی فیدراڵیی و بنەماکانی دەستوور یەکانگیر بێت.

دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی گوتی: ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکی باش و تۆکمە و هاوسەنگمان لە ئاستی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ ئەوەی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بە دەست بهێنن لە سەر بنەمای نیازپاکی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کە خزمەتی ئاسایش و سەقاگیرین ناوچەکە و گەشانەوەی عێراق هەبێت.