لە هێرشێکی ئیسرائیلدا سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە لە غەززە کوژران

ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس

K24 – هەولێر:

لە هێرشێکی ئیسرائیلدا سێ کوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کوژران.

ڕۆژی چوارشەممە (10ـی نیسانی 2024) لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، بەناوەکانی (حازم، ئەمیر و محەممەد) و سێ لە نەوەکانی کوژران و کوڕێکی دیکەشی بریندارە.

لە یەکەم کاردانەوەشیدا، ئیسماعیل هەنییە لەبارەی کوژرانی کوڕ و نەوەکانی ڕایگەیاند: "سوپاسی خوا دەکەم کە شەرەفی شەهیدبوونی کوڕەکانم و هەندێک لە نەوەکانمی پێم بەخشی" و باسی لەوەش کرد، منداڵەکانم هاوشێوەی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە مانەوە و هەموو خەڵکی غەززە قوربانی زۆریان داوە.

هەنییە گوتیشی: ئیسرائیل بە کوشتنی منداڵی سەرکردەکان، ناتوانێت ورەی فەڵەستینییەکان بۆ بەگریکردن لە دۆزە ڕەواکەیان بشکێنێت و ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 کەس لە خانەوادە و کەسوکارەکەی کوژراون و ئەوانیش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هاووڵاتییانی دیکەی فەڵەستینی نەبووە.

187 ڕۆژە جەنگی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە (10ـی نیسانی 2024) بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا 33 هەزار و 482 کەس کوژراون لەوەتی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023)ـەوە، هەروەها ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە 76 هەزار و 49 کەس.