محه‌ممه‌د حه‌سه‌ن: ئەمەریکا و عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن

محەممەد حه‌سه‌ن ساعدی، شرۆڤه‌كاری سیاسی
محەممەد حه‌سه‌ن ساعدی، شرۆڤه‌كاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤه‌كارێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دانپێدانراوی فیدراڵی و دەستوورییە و پەیوەندییەکی باش لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، هاوکات دەڵێت: عێراق خۆی لە ململانێ چەکدارییەکان لەگەڵ ئەمەریکا بەدوور دەگرێت.

محەممەد حه‌سه‌ن ساعدی، شرۆڤه‌كاری سیاسی، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا چەند دۆسییەک لەخۆ دەگرێت، وەک دەبینێتەوە لە پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و عێراق، هەروەها جێبەجێکردنی بنەماکانی ڕێککەوتنی ستراتیجیی نێوان ئەمەریکا و عێراق و، بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەی نیوان سوودانی و بایدن بە دڵناییەوە باس لە پرسی ناوخۆییش دەکرێت، بۆ نموونە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پێموایە هەردوو حکوومەت ئیرادەی سیاسییان هەیە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارە بکەن.

محه‌ممه‌د حه‌سه‌ن ساعدی، ئاماژەی بەوە دا، دۆسیەی نەوتیش تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆگان دەبێت، ئێستاش گوفتوگۆ لەنێون حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت هەیە، سەرۆکی هەرێمیش سەردانی بەغدای کردووە گفتوگۆی لەبارەی ئەو پرسەوە کردووە، من دڵنیام لە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا کێشەکە چارە دەکرێت و نەوت دووبارە هەناردە دەکرێتەوە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، باسی لەوە کرد، عێراق بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی بە دوورگرتەوە کە بکەوێتە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان لایەنەکان، بۆیە عێراق بە دوورە لە ململانێیەکان، ڕەنگە هەندێک هەڵوێست هەبووە بەهۆی ئەوەی لە غەززە ڕوو دەدات، بەڵام درێژەی نەکێشاوە.

محه‌ممه‌د حه‌سه‌ن ساعدی، جەختی لەوەش کردەوە، لەسەر ئاستی جیهان تێڕوانین بەرامبەر بە عێراق گۆڕاوە، هەست دەکەن دیموکراسیی لە عێراق وردە وردە هەڵدەستێتەوە و، ڕۆڵیکی پێشەنگەرانە لە ناوچەکە دەبینێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ڕوونی کردەوە، تەواوی داواکارییەکان بەو ئاراستەیەن کە کۆتایی بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بهێندرێت، هەروەها سروشتیی پەیوەندی ئەمەریکا و عێراق بچێتە بوارێکی دیکە و بە گوێرەی ڕێكکەوتنی ستراتیجی جێبەجێ بکرێت و، سەردانەکەی سوودانی ئەم پرسە یەکلایی دەکاتەوە.

لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، محه‌ممه‌د حه‌سه‌ن ساعدی، گوتی: هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دانپێدانراوی فیدراڵی و دەستوورییە و پەیوەندییەکی باش لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، هەموو ئەمانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە هەردوو حکوومەت رێز لەو سیستەمە دەگرن کە لە عێراقدا هەیە.

ناوبراو گوتیشی: هەر پێشێلکارییەک لە دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان هەبێت ئەوا پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەری عێراق، هەروەها پێویستە ڕێز لە ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگیرێت و وا بکرێت کە ئەم نموونەیەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە ئاسایش لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق پەیڕەو بکرێت و ببێتە نموونەیکی باڵا.