عیسا بابلی: پرۆژەی هەژماری من ئاسانکاریی زۆر بۆ ژیانی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دەکات
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری بانکی دیجیتاڵی و وهرچهرخانی ژمارەیی ڕایگەیاند، پرۆژەی هەژماری من ئاسانکاری تەواو بۆ ژیانی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دەکات و دەتوانن سوودمەندبن لە وەرگرتنی قەرز و کڕینی ئۆنلاین و دووپاتیشی کردەوە، هەموو بانکە بەشداربووەکانی ئەو پڕۆژەیە مۆڵەتدراوی بانکی ناوەندیی عێراقن.
عیسا عەبدوللـەتیف بابلی، بەڕێوەبەری بانکی دیجیتاڵی و وهرچهرخانی ژمارەیی، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد: پرۆژهی ههژماری من وهرچهرخانێكی گرنگه و ههژماری من خزمهتگوزاریی دارایی و بانكی به ههمووان دهگهیهنێت.
لەبارەی سوود و تایبەتمەندییەکانی پرۆژەی هەژماری من، بەڕێوەبەری بانکی دیجیتاڵی و وهرچهرخانی ژمارەیی ڕوونی کردەوە: فەرمانبەرانی گشتیی سوودمەندی یەکەمن لە پرۆژەی هەژماری من، چونکە كارتی ههژماری بانکی تایبهتمهندێتی خۆی ههیه و دەتوانێت خزمەتگوزاری زۆر و ئاسانکاری جۆراوجۆر پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات، بۆیە پرۆژهی ههژماری من ژیانی خهڵك ئاسان دهكات.
بەڕێوەبەری بانکی دیجیتاڵی و وهرچهرخانی ژمارەیی دڵنیای دایە هاووڵاتییان کە پارەکانیان لە هەژماری بانکیدا پارێزراو دەبێت و ڕایگەیاند: هەموو فەرمانبەرێک کارتێکی بانکیی هەیە، تەنیا خۆی کە خاوەنی کارتەکەیە و هەڵگری ناو و ژمارەی نهێنییە، دەتوانێت بەکاری بهێنێت و ئەو ژمارەیەش جیاوازە لە ژمارەی هەموو کارتێکی دیکەی بانکی و دووبارە نابێتەوە.
عیسا بابلی سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا: پێویستە ئەوە ڕوون بێت لەسەر هەژماری بانکی، بە هیچ جۆرێک کەس ناتوانێت دەست بۆ پارەی نێو هەژماری بانکی کەسێکی دیکە ببات، تەنانەت حکوومەتیش بۆ وەرگرتنی پارەی باج، کرێی ئاو و کارەبا ناتوانێت ڕاستەوخۆ پارە ببات بەڵکو هاووڵاتی خۆی دەتوانێت لە رێگەی دیجیتاڵییەوە پارەی ئەو خزمەتگوزارییانە بدات.
لەبارەی سوودەکانی پڕۆژەی هەژماری من و بوونی کارتی بانکیی، عیسا بابلی ئاشکرای کرد: بەشداربووانی پرۆژەی هەژماری من توانای ئەوە دەدات بە هاووڵاتییان مامەڵە بە دراوەوە بکەن و داوای قەرزیش لە بانک بکات، هەروەها توانای کڕینی کەلوپەلی دەبێت لە ڕێگەی ئەلکیترۆنییەوە.
عیسا بابلی باسی لەوەش کرد، پرۆژەکە لە چەند بانکێکی عێراق پێکهاتووە و دهرگای پڕۆژهی ههژماری من بۆ بانكهكان كراوهیه کە هەموو ئەوانەش لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و سەرەتا پێش دەستپێکردنی پڕۆژەکەش لەوبارەیەوە قسە لەگەڵ بانکی ناوەندیی کراوە.
هەروەها گوتیشی: لە ڕووی بنەمای بانکییەوە جیاوازی ئەوتۆ لەنێوان هەژماری من و تەوتین نییە، بەڵام دەکرێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان جیاوازییان هەبێت و بانکەکانیش لەنێوان خۆیاندا لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بانکی جیاوازییان هەیە و هاووڵاتییان خۆیان ئازادن لە هەڵبژاردنیان.
عیسا بابلی جەختی کردەوە، فەرمانبەرانی بەشداربوو لە پڕۆژەی هەژماری من دەتوانن سوودمەندبن لە وەرگرتنی قەرز و بانکەکانیش بۆ ئەوە دروست بوون کە قەرز بۆ هاووڵاتییان دابین بکەن و خزمەتگوزاری بانکی پێشکەش بکەن، بۆیە ئەو ڕێژەیەی لە بانکی ناوەندییەوە دانراوە، لە هەموو بانکەکان پەیڕەو دەکرێت.
لەلایەن خۆیەوە، د. محەممەد عەلی، شرۆڤەکاری ئابووری و شارەزای دارایی باسی لەوە کرد: پڕۆژەی هەژماری من ئاسانکاریی زۆر بۆ فەرمانبەران دەکات و دەتوانێت ژیانی داراییان ڕێک بخاتەوە و گوتیشی: بوونی کارتی بانکی وادەکات وڵات لە پارەی کاش ڕزگار بکات و چیتر پشت بە کاش نەبەسترێت لە مامەڵە داراییەکاندا.
ئەو شارەزا داراییە ڕوونیکردەوە، کە بەشداریی لە پڕۆژەی هەژماری من وادەکات فەرمانبەران دووربن لە مەترسی هەڵگرتنی پارەی کاش و مەترسییەکانی وەرگرتنی پارەی ساختە و دڕاو.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پڕۆژەی هەژماری منی بە شۆڕشێکی نەتەوەیی وەسف کرد و ڕایگەیاند، پڕۆژەیەکی خۆماڵی کوردییە و پێویستە هەمووان پشتگیری لێ بکەین و سەنتەرەکەی لە هەولێر و شارەکانی کوردستان دەبێت، هەروەها لە کەرتی بانکیدا بوونی پڕۆژەیەکی ئاوا گرنگە و تاوەکو سبەی نەڵێن: "کورد کارێکی ئاوای پێنەکرا و ئێمە بۆمان کردن".
د. محەممەد عەلی، جەختی لە گرنگیی کارتی بانکیی کردەوە و ڕایگەیاند، بوونی کارتی بانکیی وادەکات تاکی کوردیش ببێتە بەشێک لە سیستمی دارایی جیهانی لە ڕێگەی ژمارەیەکی نێودەوڵەتییەوە کە هاوشێوەی پاسپۆرتێکە و دەتوانرێت بەشدار بێت لە مامەڵەکردن و گواستنەوەی دراو و بەکارهێنانی لە دەرەوەی وڵات.