سوبحی مەندەلاوی: په‌سه‌ندكردنی یاسای نەوت و غاز کێشەی نەوت لە عێراق چارە دەکات

سوبحی مەندەلاوی، چاودێری سیاسی
سوبحی مەندەلاوی، چاودێری سیاسی

 K24 – هەولێر:

چاودێرێکی سیاسی، ڕایدەگەیەنێت؛ سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا ئامانجەکەی پێکا، هاوکات دەڵیت: ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری بە ئابووریی عێراق گەیاندووە.

سوبحی مەندەلاوی، چاودێری سیاسی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 ڕایگەیاند، بەهۆی پەسەندنەکردنی یاسای نەوت و غاز تا ئێستا کێشەی نەوت لە عێراق چارە نەکراوە، لە دوای 2003ـەوە سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان لە بەغدا زۆر هەوڵیدا کە یاساکە لە زووترین کات پەسەند بکرێت، بەڵام ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستەقینە نەبوو بۆ پەسەندکردنی.

ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت: پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز کێشەکانی عێراق چارە دەکات، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن ناوبراو گوتی: سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا ئامانجەکەی پێکا.

سوبحی مەندەلاوی، ئاماژەی بەوەدا، سوودانی هەوڵ دەدات کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارە بکات، بەڵام هەندێک لایەن لە بەغدا لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە هەوڵ دەدەن فشار لە هەرێمی کوردستان بکەن و نەهێڵن کارنامەی حکوومەتەکەی سوودانی جێبەجێ بکرێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە، گوتی: ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری بە ئابووریی عێراق گەیاندووە.